سودەکانی باس دەکات

تەندروستیی سلێمانی حەوت خواردن و خواردنەوە بۆ رەمەزان پێشنیار دەکات

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی پێشنیار دەکات بۆ هاوڵاتیان کە لە مانگی رەمەزاندا حەوت جۆر خواردن و خواردنەوە لەسەر سفرەکانیان هەبێت و دەڵێت، بۆ هێشتنەوە بە تێری و خۆپاراستن لە سیسبوونەوە و لاوازبوون گرنگن.

ئەمڕۆ دووشەممە 11.3.2024، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی گرنگترین جۆرەکان خواردن و خواردنەوەی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە کە پێکهاتوون لە شیر، ماست، سپێناخ، سەوزەوات، هێلکە، خورما و ماسی.

خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی لە زارەی د. کامەران رەسوڵ ژاژەڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک ئەو زانیارییانەی بڵاوکردووەتەوە.

،خواردنەکان و سودەکانیان:

شیر: سەرچاوەیەکی گرنگی کانزای پۆتاسیۆمە و یارمەتی زوو تێر بوون دەدات لەگەڵ رێگریکردن لە زیادبوونی کێش و قەڵەوی و کەمکردنەوەی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و دەبێتە هۆی باشتر کردنی باری دەروونی و مەزاج چونکە دەبێتە هێمنکەرەوە و قەلەقی و تێکچوونی خەو و خەو زڕان کەمدەکاتەوە.

هەروەها شیر دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستیی پێست و هێشتنەوەی بەگەشاوەیی و خۆپاراستن لە سیس بوون و لاواز بوونی دەم و چاو.

ماست: یەکێکە لە هەرە خۆراکە گرنگەکان و دروست وایە رۆژووان بە درێژایی مانگی رەمەزان بیخوات چ کاتی پارشێو یا دوو کاتژمێر دوای بەربانگ.

سپێناخ: یەکێکە لە بەسوودترین سەوزە گەڵاتۆخەکان و دەکرێت بە کوڵاوی یا بە شێوەی زەڵاتە یا وەک شله بخورێت

سەوزەوات: هەموو جۆرەکانی سەوزە بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە چونکە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و بی و کانزای کالسێوم و پۆتاسیۆم و مادە ڕێشاڵییەکان و مادە دژە ئۆکسانەکان و بڕێکی زۆر لە ئاو، بەڵام بڕێکی کەم لە وزەیان تێدایە.

هێلکە: سەرچاوەیەکی گرنگی مادە پڕۆتینەکانە و یارمەتی باشتر کارکردنی غودەی دەرەقی دەدات لەگەڵ نەهێشتنی هەستی برسیەتی لە رۆژدا و یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی خۆراک لە پارشێو و لە کاتی رێجیمکردن.

خورما: یەکێکە باشترین بژاردەیە کە رۆژووی پێ بشکێنرێت، کاتی رۆژوو شکان دەنکێکی لێ بخورێت بۆ کەسانێک کە نەیانەویت کێشیان زیاد بکات یا نەخۆشی شەکرەیان هەیە یا قەڵەون، بەڵام بۆ کەسانی لاواز دەتوانن زیاتر بخۆن، هەروەها دەکرێت پارشێو سێ دەنک بخورێت لەگەڵ چەند دەنێکیک زەیتوون، بەڵام لە کاتی رێجیمی کیتۆ و لۆکارب رێگەپێنەدراوە.

ماسی: هەموو جۆرەکانی ماسی بە سوودن بە تایبەت ماسی سەلموون، گرنگە هەفتەی دوو بۆ سێ جار ماسی بخورێت لە بەربانگ دا گەر لەتوانادا هەبێت.

ئەگەر شوێنێک لە رەمەزاندا نرخى شتومەکى بەرزکردەوە پەی...

ئەگەر شوێنێک لە رەمەزاندا نرخى شتومەکى بەرزکردەوە پەیوەندى بەو ژمارەیەوە بکەن