محەمەد گەرمیانی:عەرەب منی جینۆساید کردووە و خزمەت بە هونەری ئەوان ناکەم

دیلان محەمەد- سلێمانی

محەمەد گەرمیانی، گەنجە خۆشەویستەکەی گەرمیان گەرەکیەتی لەرێگای مەقام و هونەرەوە خاکەکەی بپارێزێت دەڵێت؛ عەرەب منی جینۆساید کردووە و خزمەت بە هونەری ئەوان ناکەم.

ماوەیە باس باسی خۆیەتی و بە مەقام و موزیکی رەسەن سۆشیال میدیای داگیرکردووە و بێ بەرامبەریش تاکی کورد فێری موزیکی رەسەن دەکات و لە بۆنەیەکی تایبەت لە سلێمانی بۆ مایکی 964 وتی؛ ئێمە نەوەوی و ساروخمان نییە و ئەوەی هەمانە هونەرە و دەبێت لە رێگای ئەوەوە خاکەکەمان بپارێزین، من حەزم بە خزمەتکردنی هونەری عەرەب و ئینگلیز نییە و ناتوانم ئەوەی جینۆسایدی کردم خزمەتی بکەم، ئینگلیزیش خاکەکەمی دابەشکردووە، گۆرانی خۆیان بۆ خۆیان.

لە گەرمەی گفتوگۆی موزیک و مەقام و جۆرەکانی باسی لە فێرخواەکانی کرد و وتی، لە دەیەم رۆژی فێربوونیان هەر یەکێک لە فێرخوازەکان لە رۆحیدا شەڕواڵێک لە پێیەتی و عودەکەی دۆشکەیە و دەفەکەی بیکەسیە، پێشی وایە گەڕانەوە بۆ موزیکی کوردی گەڕانەوەیە بۆ پاراستنی خاک و نەتەوەیەک.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح