دوای شکانی بۆرییە ئاوەکە لە قولەڕەیسی
جگە لە گەڕەکەکانی سلێمانی بەشێکی ئەڵایی و چەمچەماڵیش بێ ئاو دەبن
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ئاوی بۆرییە شکاوەکەی سلێمانی نزیکەی 10 کاتژمێری دەوێ تا رادەوەستێ و جگە لە گەڕەکەکانی سلێمانی، بەشێکی ئەڵایی و چەمچەماڵیش بێ ئاو دەبن.
دوای شکانی بۆری ئاوی دوکان – سلێمانی هێڵی دوو لە ناوچەی قولەڕەیسی، پەیامنێری 964 لە شوێنە رووداوەکە بەختیار قادر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دواندووە، ئەو دەڵێت، “هەموو سەرچاوەکانی ئاوی ئەم بۆرییەمان گرتووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەزموونی خۆمان 8 بۆ کاتژمێری دەوێ تا بۆرییەکە بەتاڵ دەبێ و ئاوەکەی وشک دەکات”.
“دوای وشکبوونی ئاوەکە، تیمەکانمان شەو و رۆژ ئیش دەکەن، بۆ ئەوەی بە زووترین کات، ئاو بگاتەوە ئەو گەڕەکانەی کە بێ ئاو بوون”، بەختیار قادر وادەڵێت.
ئاشکراشیکرد، جگە لە گەڕەکەکانی سنووری قڕگە وەک برایم ئەحمەد و سێتوان و کازێوە و کوردسات و راپەڕین و چەند گەڕەکێکی دیکەی سلێمانی، بەشێکی شارۆچکەی ئەڵایی و چەمچەماڵیش لەسەر ئەو هێڵەن و بێ ئاو دەبن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری