پێنج رۆژە بازیان بێ ئاوە
350 هەزار هاوڵاتی بێ ئاون
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەهۆی شکانی بۆریی ئاوی سلێمانی – دوکان لە نزیک تاسڵوجە، پێنج رۆژە ناوەندی قەزای بازیان و چەند ناحیە و گەڕەکەی ناوشاری سلێمانی بێ ئاون و بەڕێوەبەری ئاوی بازیانیش نازانێت کەی بۆرییەکە چاک دەکرێت.
هاوڕێ حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی بازیان بە 964ی راگەیاند، بۆرییەکە لە نزیک تاسڵوجە شکاوە، بازیان و تەکیە و چەمچەماڵیشی گرتووەتەوە و بەشێکیانی بێ ئاو کردووە.
وتیشی، “ئێمە لە بازیان 9 هەزار هاوبەشی ئاومان هەیە و سەرجەمیان بێ ئاون، بە کۆی گشتیش بەهۆی شکانی ئەو بۆرییەوە نزیکەی 350 هەزار هاوڵاتی بێ ئاو ماونەتەوە”.
شکانی بۆرییەکە گەورەیە، چونکە وەک هاوڕێ حوسێن ئاماژەی پێدەدات، بەشی چاککردنی شکاوییەکە کاری تێدا دەکەن و وتی، “تا ئەمڕۆش چاک نەکراوەتەوە، هەر رۆژێک چاک بکرێتەوە رۆژی دواتر ئاوەکە بە هاوڵاتیان دەدرێتەوە”.
964 لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانییەوە دەزانێت، هەریەکە لە گەڕەکەکانی کوردسات و قڕگەش لەناو شاری سلێمانی بەو هۆیەوە بێ ئاو بوون.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران