شارەوانیی سلێمانی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
داوای چییان لێ دەکات؟
شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە ژمارەیەک پڕۆژە
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی ئەو پڕۆژانە ئاگادار دەکاتەوە، کە پڕۆژەی خۆبەخشیان لەسەرشانە و جێبەجێیان نەکردووە، دەست بە جێبەجێکردنی بکەن.
هەر پڕۆژەیەک، کە لە سلێمانی دەدرێت بە وەبەرهێنێک لە لایەن شارەوانییەوە پڕۆژەیەکی پێ ئەنجام دەدرێت، بەپێی قەبارەی سەرمایەی ئەو پڕۆژەیەی پێی دراوە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژانەی لە لایەن شارەوانیی سلێمانییەوە زەویان بۆ تەرخانکراوە پڕۆژەی خۆبەخشیان پێ جێبەجێ دەکرێت و دەبێت خاوەن پڕۆژە و وەبەرهێنەکان پێوەی پابەند ببن.
وتیشی، “ئەو پرۆژە خۆبەخشانەی تا ئێستا دراون بە وەبەرهێنەرەکان بۆ جێبەجێکردن، بەهاکانیان نزیکەی ملیارێک دینارە، کە بەشێکیان جێبەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان هێشتا کاریان تێدا نەکراوە”.
بەپێی زانیارییەکانی شارەوانیی سلێمانی، پڕۆژەکان بریتین لە ئەندەرپاس، یەكتربڕ، ئاوەڕۆی سندووقی، زیاتركردنی رێژەی سەوزایی، دروستكردنی باخچە، كۆنكریتكردن و قیركردن.
“ئەو خاوەن پڕۆژانە ئاگادار دەکرێنەوە، کە تا ئێستا دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خۆبەخشییەکان نەکردووە تا دەستبەکار بکەن و لەمەودوا وەرزی باران و سەرما کەم دەبێتەوە و دەتوانن کار لە پڕۆژەکانیاندا بکەن”، زەردەشت رەفیق وای وت.