پێنج ماددەیە

یاسای تیرۆر سەنگ و مەحەکی عێراقە بۆ وەرگرتنەوەی چەک

ئەحمەد مستەفا

حکومەت بۆ وەرگرتنەوەی چەکەکانی لە دەست گروپەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیڕەو دەکات، ئەوەش لەژیر رۆشنایی بڕیارەکانی خۆی تایبەت بە هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا؛ کە تێیدا جەخت کراوەتەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە توندی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بەسەر هەر کەسێکدا جێبەجێ دەکەن کە سەرپێچی رێنماییەکان بکات دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە دیاریکراوەکە.

بەپێی ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی “ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت” دەرچوون، داوا کراوە پابەندی کاتەکانی هەنگاوی هێشتنەوەی چەک بن دوای 30ی ئەیلوولی 2026، کە لەو بەروارە بەدواوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر رەفتارێکی چەکداریی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکرێت. ئامانج لەم رێکارانە سەپاندنی سەروەریی یاسا، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا بێت.

**ئەمەش دەقی یاساکەیە:**

یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (13)ی ساڵی 2005

لەسەر بنەمای ئەوەی کۆمەڵەی نیشتمانی پەسەندی کردووە بەپێی ماددەی سی و سێ، بڕگەکانی (أ) و (ب) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگواستن، و پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی سی و حەوت لە یاسای ناوبراو، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە ڕێکەوتی 7.11.2025 بڕیاری دەرکردنی ئەم یاسایەی دا:

ماددەی یەکەم:::

پێناسی تیرۆر:

هەر کارێکی تاوانکارییە کە تاکێک یان گروپێکی ڕێکخراو ئەنجامی بدات و تاکێک، یان کۆمەڵە خەڵکێک، یان گروپەکان، یان دامەزراوە فەرمییەکان، یان نافەرمییەکان بکاتە ئامانج و زیان بە دارایی گشتی یان تایبەت بگەیەنێت، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی ئەمنی، یان سەقامگیری و یەکڕیزی نیشتمانی، یان دروستکردنی ترس و دڵەراوکێ لە نێوان خەڵکدا یان نانەوەی پشێوی بۆ بەدیهێنانی مەرامی تیرۆریستی.

ماددەی دووەم:::

ئەم کارانەی خوارەوە بە کاری تیرۆریستی دادەنرێن:

1- توندوتیژی یان هەڕەشە کە ئامانج لێی دروستکردنی ترس بێت لە نێوان خەڵکدا، یان خستنە مەترسیی ژیان و ئازادی و ئاسایشیان، یان زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵکیان، هەر پاڵنەر و مەبەستێکی هەبێت، ئەگەر وەک جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی تیرۆریستیی ڕێکخراوی تاکەکەسی یان گروپی بێت.

2- کارکردن بە توندوتیژی و هەڕەشە بۆ تێکدان، ڕووخاندن، یان زیانگەیاندنی ئەنقەست بە بیناکان، موڵکی گشتی، بەرژەوەندییە حکومییەکان، دامەزراوەکان، دەستە حکومییەکان، فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت یان شوێنە گشتییەکان، یان هەوڵدان بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنیان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.

3- هەر کەسێک باندی چەکداری تیرۆریستی ڕێکبخات، یان سەرۆکایەتی بکات، یان فەرماندەیی بکات کە کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن یان پلانی بۆ دابنێن، هەروەها بەشداری و هاوکاری لەم کارەدا.

4- کارکردن بە توندوتیژی و هەڕەشە بۆ هەڵگیرساندنی فیتنەی تائیفی یان شەڕی ناوخۆ یان کوشتار لە ڕێگەی پڕچەککردنی هاووڵاتییان یان هاندانیان بۆ چەک هەڵگرتن دژی یەکتر، یان لە ڕێگەی هاندان و دابینکردنی پارە.

5- هێرشکردن بە چەکی ئاگرین بۆ سەر فەرمانگەکانی سوپا، یان پۆلیس، یان بنکەکانی خۆبەخشین، یان فەرمانگە ئەمنییەکان، یان هێرشکردنە سەر یەکە سەربازییە نیشتمانییەکان، یان پێداویستییەکانیان، یان هێڵەکانی پەیوەندی، یان سەربازگە و بنکەکانیان بە پاڵنەری تیرۆریستی.

6- هێرشکردن بە چەکی ئاگرین و بە پاڵنەری تیرۆریستی بۆ سەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق، هەروەها هەموو دامەزراوە عێراقییەکان و کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن.

7- بەکارهێنانی ئامێری تەقەمەنی یان سووتێنەر بە پاڵنەری تیرۆریستی کە بۆ گیانلەدەستدان دروست کرابن، یان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕێگەی تەقینەوە، یان ناردن، یان چاندن، یان بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل و تەنەکان، یان بەهۆی ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان و هۆکارە بایۆلۆژییەکان و ماددە تیشکدەرەکان.

8- ڕفاندن، یان سنووردارکردنی ئازادیی تاکەکان، یان دەستبەسەرکردنیان بۆ مەبەستی سەرانەوەرگرتنی دارایی یان بۆ مەرامی سیاسی، تائیفی، نەتەوەیی، ئایینی، یان ڕەگەزی کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و یەکڕیزی نیشتمانی و هاندان بۆ تیرۆر.

ماددەی سێیەم:::

ئەم کارانەی خوارەوە بەتایبەتی بە تاوانی دژی ئاسایشی دەوڵەت دادەنرێن:

1- هەر کارێک بە پاڵنەری تیرۆریستی کە ببێتە هەڕەشە بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و سەلامەتی کۆمەڵگە و دەست بۆ ئاسایشی دەوڵەت و سەقامگیرییەکەی ببات، یان توانای دەزگا ئەمنییەکان لاواز بکات لە پاراستنی هاووڵاتییان و سنوور و دامەزراوەکانی دەوڵەت، چ بە پێکدادانی چەکداری بێت لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت یان هەر شێوەیەک کە لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕین دەربچێت.

2- هەر کارێک کە هەوڵدانی بەهێز یان توندوتیژی لەخۆبگرێت بۆ گۆڕینی ڕژێمی حوکمڕانی یان شێوەی دەوڵەت کە لە دەستووردا چەسپاوە.

3- هەر کەسێک بۆ مەبەستێکی تاوانکاری فەرماندەیی بەشێک لە هێزە چەکدارەکان، یان خاڵێکی سەربازی، یان بەندەر، یان فڕۆکەخانە، یان هەر پارچەیەکی سەربازی یان مەدەنی بگرێتە دەست بەبێ ڕاسپاردنی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە.

4- هەر کەسێک هەوڵی هەڵگیرساندنی یاخیبوونی چەکداری بدات دژی دەسەڵاتی دەستووری، یان بەشداری بکات لە پیلانگێڕی یان باندێک کە بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتبێت.

5- هەر کارێک لەلایەن کەسێکەوە ئەنجام بدرێت کە دەسەڵاتی فەرماندەیی هەبێت بەسەر ئەندامانی هێزە چەکدارەکاندا و داوایان لێ بکات یان رایانپسپێرێت بۆ پەکخستنی فەرمانەکانی حکومەت.

ماددەی چوارەم:::

سزاکان:

1- سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنرێت کە وەک ئەنجامدەرێکی سەرەکی یان هاوبەش یەکێک لە کارە تیرۆریستییەکانی ناو ماددەی دووەم و سێیەمی ئەم یاسایە ئەنجام بدات. هەروەها هاندەر، پلانداڕێژەر، دابینکاری دارایی و هەر کەسێک کە هاوکاری تیرۆریستان بکات بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، بە سزای ئەنجامدەری سەرەکی سزادەدرێت.

2- سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنرێت کە بە ئەنقەست هەر کارێکی تیرۆریستی بشارێتەوە یان پەنای تیرۆریستێک بدات بە مەبەستی شاردنەوەی.

ماددەی پێنجەم::::

لێخۆشبوون و بیانووی یاسایی و بارودۆخی سووککەری سزا:

1- لەو سزایانەی لەم یاسایەدا هاتوون دەبەخشرێت، هەر کەسێک کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکاتەوە پێش ئاشکرابوونی تاوانەکە یان لە کاتی پلان بۆ داڕشتنی، و هەواڵدانەکەی ببێتە هۆی دەستگیرکردنی تاوانباران یان ڕێگری لە ئەنجامدانی کارەکە بکات.

2- بە بیانوویەکی سووککەری سزا دادەنرێت بۆ ئەو تاوانانەی لە ماددەی دووەمدا هاتوون، ئەگەر کەسەکە دوای ڕوودانی تاوانەکە یان دوای ئاشکرابوونی لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە و پێش دەستگیرکردنی، بە ئارەزووی خۆی زانیاری بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و زانیارییەکانیش ببنە هۆی دەستگیرکردنی هاوبەشەکانی تری، لەم حاڵەتەدا سزاکەی دەبێتە زیندانیکردن .

ئەحکامە کۆتاییەکان:

1- ئەو تاوانانەی لەم یاسایەدا هاتوون، بە تاوانە ئاساییە ئابڕوبەرەکان دادەنرێن.

2- دەست بەسەر هەموو ئەو پارە و ماددە و کەلوپەلانەدا دەگیرێت کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا گیراون یان بۆ ئەنجامدانی کارە تاوانکارییەکە ئامادە کراون.

3- ئەحکامەکانی یاسای سزادانی کارپێکراو جێبەجێ دەکرێن لە هەر بوارێکدا کە لەم یاسایەدا دەقی بۆ نەهاتوو بێت.