زیانى گیانى هەبووە

بە فڕۆکەی “سێسنا کاراڤان” هەشت مۆڵگەی داعش لە کەرکوک خاپوور کران

وریا فەتاح

فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراق، لە سەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد، چەند گورزێکى ئاسمانییان ئاڕاستەی مۆڵگەکانی تاقمی داعش لە سنووری فیرقەی 11ـی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک کرد.

نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردووەتەوە، دوای چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی شانەی “بەئامانجگرتن”، چەندین گورزی ئاسمانیی چڕ و ورد ئاراستەی مۆڵگەکانی ئەو چەکدارانە کران.

لە ئەنجامی هێرشەکاندا، هەشت مۆڵگە (حەشارگە)ی داعش بەتەواوی وێران کران و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی زیانە گیانییەکانی ناو مۆڵگەکانەوە بڵاوبکرێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان چاوکراوە و دەستوەشێن دەبن بەرامبەر بە هەر لایەنێک کە بیەوێت ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیان بخاتە مەترسییەوە.