چاندنی نەمامەکان لە لایەن کارمەندانی شارەوانیی بازیانەوە لە باخچە نوێکە - وێنە: شارەوانیی بازیان
10 باخچەی دیکەیان پێویستە
باخچەیەکی نوێ لە بازیان سەوز کرا
964+
پێشەوا محەمەد
لە ناوەندی قەزای بازیان باخچەیەکی نوێ لەسەر رووبەری چوار هەزار دۆنم زەوی سەوز کرا، سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە دەڵێت، قەیرانی دارایی رێگرە لەوەی سەوزایی سنوورەکەیان زیاد بکەن.
باخچە نوێکە ئەمڕۆ چوارشەممە سەوز کراوە و دەکەوێتە نێوان گەڕەکی ئاشتی و سەگرمەوە و 500 نەمامی تێدا رووێندراوە و سیاجیشی بۆ کراوە، دارەکان لە لایەن قایمقامیەتی قەزاکەوە دابین کرابوو.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان بۆ 964ـی روونکردەوە، ئەو گەڕەکانە باخچەیان نەبوو، بۆیە ئەوان زەوییەکەیان دابین کردووە و قایمقایەتیش نەمام و سیاجەکەی ئامادە کردووە.
وتیشی، “بەڕێوەبردن و سەوزکردن و ئاگالێبوونی باخچەکە لەسەر ئەرکی ئێمەیە وەک شارەوانی”.
بازیان خاوەنی 12 باخچەیە، بەڵام بە وتەی سەرۆکی شارەوانییەکەی پێویستیان بە زیاتر لە 10 باخچەی دیکە هەیە و نەبوونی بوودجە دەستی گرتوون لە سەوزکردنیان.
شارەوانییەکە دوو هەڵمەتی دیکەی ناشتنی نەمامی هەبووە، یەکێکیان لە گەڕەکی ئاشتی بووە بە روواندنی 100 نەمام و ئەوی دیکەیان لە گەڕەکەکانی برایەتی و شارەوانی بووە بە روواندنی 50 دار.