نوێنەرایەتی هەرێمیش بەشدار بوو

لیژنەی باڵای رێكەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران لە هەولێر کۆبووەوە

فەرهاد حەسەن

لیژنەی باڵای پەیوەندیدار بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران كۆبوونەوەی خۆی لە هەولێر ئەنجامدا.

ئەمڕۆ شەممە لیژنەی باڵای ئەركی جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێكەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر كۆبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لیژنەی باڵاکەیان کە قاسم عەبودی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆكایەتیی كردووە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی لە کۆبوونەوەکە كرد.

بەپێی بەیاننامەكە، لیژنەكە تاوتوێی وردەكاری و بڕگەكانی رێكەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران كردووە، سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەكان، رێگریكردن لە دزەكردن و قاچاخچێتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.

لیژنەكە پێداچوونەوەی بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێكەوتنەكە كردووە و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بەپێی رێنماییەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پێویستە پێداچوونەوەکە بە شێوەیەك بێت، كە خزمەت بە بەرژەوەندی و سەروەری عێراق بكات.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، قاسم عەبودی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی بۆ ئەم مەبەستە گەیشتە هەولێر.