مانگی رەمەزان هۆكارە

خواست لەسەر گەشتی عومرە زیادی كردووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە خواست لەسەر گەشتی عومرە زیادی كردووە و كۆمپانیاكانی رێكخستنی گەشتەكانی عومرە دەڵێن، بەو هۆیەوە نرخیش 100 بۆ 150 دۆلار زیادی کردووە.

زۆربوونی خواست لە مانگی رەمەزاندا وادەکات گەشتەکانی عومرە مانگانە لە 10 رۆژەوە بۆ 15 رۆژ زیاد بکات، هاوکات نرخی خزمەتگوزارییەکانیش بەهۆی زۆریی عومرەکارانەوە بەردەوام بەرزدەبێتەوە.

محەمەد جەمال، ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای پاڕەزانی تایبەت بە حەج و عومرە بە 964ـی وت، “بەهۆی نزیكبوونەوە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە خواست لەسەر گەشتی عومرە زیادی كردووە و بووە بە دووئەوەندەی مانگەکانی تر”.

وتیشی، “نرخەکان هەتا ئەو خواستە زۆرە لەسەر عومرە هەبێت نرخیش هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە”.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 150 کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرە مۆڵەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف وەرگرتووە و گەشت بە وانە دەکەن دەیانەوێت عومرە یان حەج بکەن.

“ئەگەر کۆمپانیایەک پێشتر 300 کەسی بۆ ئەنجامدانی عومرە هەبووبێت، ئێستا بووەتە 600 کەس”، محەمەد جەمال وای وت.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو، بەرپرسیار نین بەرامبەر هەر رووداوێک، کە بەسەر ئەو هاوڵاتیانەدا بێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشتی عومرە ئەنجام دەدەن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

ژنە عومرەکارێکی کورد گیانی لە دەست دا

ژنە عومرەکارێکی کورد گیانی لە دەست دا