تیمەکان سەرقاڵی ساردکردنەوەی شوێنەکەن

ئاگرەکەی تەنیشت بینای پارێزگای سلێمانی کۆنتڕۆڵ کرا

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

کەمێک پێش ئێستا ئاگرەکەی تەنیشت بینای پارێزگای سلێمانی کۆنتڕۆڵ کرا و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی ساردکردنەوەی شوێنەکەن.

فازڵ عومەر قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بە 964ـی وت، “ئاگرەکە لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێک کە هەڵگری بەنزین بووە، سەریهەڵداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی نەبووە.

بەقسەی فازڵ عومەر هێشتا هۆکاری رووداوەکە بەوردی نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 18.8.2026 ئاگر لە کۆگای سووتەمەنی بینای پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، درەنگانی شەوی رابردووش، لە گەڕەکی تانجەرۆی سلێمانی کۆگایەکی سووتەمەنی ئاگریگرت و جگە لە سووتانی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی و کۆگاکە، زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون کە ژمارەیەکیان کارمەندانی بەرگری شارستانی سلێمانی بوون.

ئەمڕۆ عەمید ئاری محەمەد بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، بڕیاردراوە هەموو ئەو کۆگایانەی لە گەڕەکی تانجەرۆ و دەورووبەری سلێمانین، بگوزارێنەوە شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەوەی حاڵەتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری