40 مەتر درێژە

پردە هەڵواسراوەكەی باناڵێی شارباژێڕ فریادڕەسی گوندنشینانە 

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پردە هەڵواسراوەکەی باناڵێ تەنیا فریادڕەسی گوندنشینان نییە، بەڵکو بووەتە هۆی راکێشانی گەشتیاران و ناساندنی سروشتە جوانەكانی ناوچەكە.

ئەو چەمەی پردەکەی لەسەر دروست کراوە ئاوی پێنج سەرچاوەی دیكە، كە هەریەك لە سەرچاوەكانی مۆكەبە، كونەماسی، كوڕەداوێ، دووچۆمان و چەمی كێلێ لەخۆدەگرێت.

بەرزی ئەو پردەی كە بۆ پەڕینەوەی ئۆتۆمبێلەكان دروست كراوە، هاوتای ئەو ئاوە زۆر و لافاوە نییە كە لەوەرزی زستان روودەكاتە چەمی باناڵێ و بۆیە لەكاتی  بارانی بەخوڕ و لافاودا، پردە هەڵواسراوەكە دەبێتە جێگرەوەی پەڕینەوەی گوندنشینان بە چەمەکەدا.

ساڵی 2007 وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پردەكەی دروستكردووە، بە بەرزی شەش مەتر لەئاستی چەمەكەوە، بەپانی 120 سانتیمەتر و درێژیەكەشی تا لە چەمەكە دەپەڕێتەوە دەگاتە 40 مەتر.

پێداچوونەوە: توانا نەقی