635 پسووڵەی سەرپێچیش کراوە

مانگی رابردوو لە سلێمانی بەهۆی سەرپێچییەوە 13 شوێن داخراون

پێشەوا محەمەد

لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی مانگی رابردوو 738 سەردانیان بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان ئەنجام داوە، بەپێی راگەیەندراوێکی خۆیان، لەو ژمارەیە 13 شوێنیان داخستووە.

لە راگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی سلێمانیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 5.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، 635 پسوڵەی سەرپێچی و 241 پسووڵەی ئاگادارکردنەوە بۆ دوکان و شوێنە بازرگانییەکان کراوە.

ئاماری قایمقامیەتەکە ئاشكرای دەکات، لە ماوەی مانگی رابردوودا 16 تۆن و 841 كیلۆگرام كاڵا و شمه‌ك و خۆراكی ماوە بەسەرچوو لە ناوبراون.

كۆی گشتیی پارەی غەرامەكراوی مانگی رابردوو بەپێی راگەیەندراوەکەی خۆیان 77 ملیۆن و 760 هەزار دینارە و ‌ “به‌پێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی”.

“هەر شوێنێكی كاركردن پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بێت له‌ لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای مادی دەدرێت، لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكانیشدا رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە”، قایمقامیەتی سلێمانی وای وتووە.