شەوی رابردوو چی گوزەرا؟
ترەمپ لە هەڕەشەکردن ناوەستێ و قالیبافیش دەڵێ دەست لە کاروباری عێراق وەرنادەن
شۆڕش قادری
هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران بەردەوامە و قالیبافیش دەڵێت، دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەن، کورت و پوخت پێتان دەڵێین دوێنێ شەو چی روویدا؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە کارۆلینای باشوور رایگەیاند، “ناتوانین رێگە بدەین، ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات، بۆیە هێرشمان کردنەسەر و لە داهاتووشدا شتی زۆر خراپتر دەبینن”.
ترەمپ: ئێران هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، رادار و توانای بەرهەمێنانی نەماوە، سەرکردەکانیان نەماون، ریزی دووەمی سەرکردەکانیان و تەنانەت بەشێک لە ریزی سێیەمی سەرکردەکانیان نەماون، بەڕاستی ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین کێشەی من و نازانم لەگەڵ کێ قسە بکەم”.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران دوای سەردانەکەی بۆ عێراق بە میدیای وڵاتەکەی وتووە، “سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکان گفتوگۆمان کرد و بە ئاشکراش رایدەگەیەنم کە هەرگیز دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەین”.
قالیباف: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دوستێک و دراوسێیەک پشتیوانی لە هەر بڕیار و رێککەوتنێک دەکات، کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە کۆدەنگی و لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتەکەیان لەسەری رێکدەکەون.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: رۆژی 30ـی مانگی داهاتوو پرۆسەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی عێراق لەلایەن دەوڵەتەوە دەستپێدەکات و هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکیش لەگەڵ گروپە چەکدارەکان روونادات.
شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە شاخی ئەزمەڕی سلێمانی بەدیوی سیتەک کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرک لە هەوڵ و تەقەلای تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، لە درەنگانی شەودا کۆنتڕۆڵ کرا.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەک بۆ 964: ئاگرەکە دوور لە ئاوەدانی کەوتبووەوە، بەڵام زیانێکی زۆری بە سروشت و دار و درەختەکان گەیاندووە.
شەوی رابردوو لەناو شاری سلێمانی و لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، بەدیاریکراوی لە ئاست دووڕیانەکەی سەرچنار، دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا و ماتۆڕسوارەکە بەسەختی برینداربوو.
دوێنێ سێ کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکان، دوو کەسیان کە دوو گەنجی بە نەتەوە عەرەب بوون، لە ئاوی زێی بچووک لە قەزای خەبات خنکان و تاوکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە، کەسی سێیەمیش مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بوو کە لە پۆندی کەسنەزان خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزرایەوە، هەر شەوی رابردوو لە گۆڕستانی کەسنەزان بەخاکسپێردرا.