چادریان هەڵداوە
شۆفێرى بارهەڵگرانى مەرزى سەیرانبەرن بەردەوامن لە گردبوونەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوو شەو و دوو رۆژە، گردبوونەوەى شۆفێرە بارهەڵگرەکانى مەرزى سەیرانبەن لە دەروازەى قەزاى پێنجوێن بەردەوامە و چادریان هەڵداوە، دەشڵێن،”ناڕۆینەوە بۆ ماڵەوە تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن”.
شۆفێرانى مەرزەکە کێشەیان لەگەڵ خاوەن دووکانەکانى عەلوەى سلێمانى هەیە، چونکە خاوەن دوکانەکان بارهەڵگریان هەیە و پێشتر لە مەرزى سەیرانبەنەوە میوەیان هێناوە، رێککەوتنێکیش کراوە کە دەبێت بارێک خۆیان بار بکەن و بارێک بدەن بەو ئۆتۆمبێلانەى لە گەراجى مەرزەکە وەستاون.
ئێستا بڕیاردراوە، چیتر بارهەڵگرانى دوکانەکانى عەلوەى سلێمانى لە مەرزى سەیرانبەنەوە میوە نەیەنن و بیگوازنەوە بۆ دەروازە باشماخ، هەر بۆیە شۆفێرانى مەرزى سەیرانبەن دەڵێن، ئەگەر ئەوە سەربگرێت بێکار دەبن، بۆیە داوا دەکەن بارهەڵگرەکانى خاوەن دوکانەکانى عەلوەى سلێمانى کە ژمارەیان 90 بارهەڵگرە بەسەر مەرزەکاندا دابەشبکرێن.
سەباح مەعروف، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، وێراى پشتگیری کردن لە شۆفێرانى مەرزى سەیرانبەن، بە 964ـى وت،”لەبەر ئەوەی کاتی خۆی شۆفێرانی دەروازەى باشماخ خۆیان باری عەلوەیان داوە بە مەرزی سەیرانبەن و ئێستا کە داوای وەرگرتنی بارەکانیان دەکەنەوە، شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن بێکار دەبن”.
بە وتەى سەباح مەعروف، بڕیارى گۆڕینى بارەکانى عەلوە لە سەیرانبەنەوە بۆ باشماخ بە فەرمانى ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بووە، بەڵام وەک دەڵێت: ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە گەیاندنی داواکارییەکەیە کە نوسراومان بۆ وەزارەت کردووە تا بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە و چاوەڕێى وەڵامین.
سەرکەوت فەرەج، نوێنەری شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن بە 964ـى وت،”بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان و لە دەروازەی پێنجوێن ناڕۆین و چادرمان هەڵداوە و دەمێنینەوە تا وەڵام وەردەگرین”.
ماوەى دوو شەو و دوو رۆژە، شۆفێرە بارهەڵگرەکانى مەرزەکە لە دەروازەى پێنجوێن گردبوونەتەوە داوا دەکەن وەڵامیان بدرێتەوە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح