بە ئۆتۆمبێل دواى دەکەوتن
ئەو کەسانەى لە بەغدا گێچەڵیان بە کچێک کرد دەستگیرکران
وریا فەتاح
ئەو کەسانەى لە شەقامێکى بەغدا بە چەندین ئۆتۆمبێل دواى کچێک کەوتن و گێچەڵیان پێى دەکرد، دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەى یاساییان لەگەڵ دەکرێت.
دوێنێ، ڤیدیۆى گێچەڵپێکردنى کچێک لە شەقامێکى ناوچەى مەنسووریەى بەغدا بڵاوکرایەوە کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل دواى کچێک کەوتوون و گێچەڵى پێدەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـى ئاب، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو کەسانەی راگەیاند کە دواى کچەکە کەوتبوون و گێچەڵیان پێى دەکرد.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:تیمی لێکۆڵینەوە توانیویانە رەزامەندی دادوەری بەدەستبهێنن و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوان بکەن و ناسنامەکانیان ئاشکرا بکەن. لە ئەنجامدا، پاش ماوەیەکی کورت لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ژمارەیەک لە تۆمەتباران دەستگیرکراون”.
روونیشکراوەتەوە کە تۆمەتباران بەپێی حوکمەکانی ماددەی (402) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، ئەوەش بەمەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.