بە جلی مەدەنییەوە بۆی چوون
پۆلیسی بەسرە تا “زێڕدز”ەکەی دەستگیرنەکرد نەوەستا
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بەسرە، وردەکاریی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە کە دوکانێکی زەڕینگەری لە قەزای “ئەبو خەسیب” بڕیبوو و هەرچەندە هەوڵیدا هێزە ئەمنییەکان بەلاڕێدا ببات بەڵام دواجار کەوتە داوەوە و دەستگیرکرا.
تۆمەتبارەکە لە کاتی بەرەبەیان رۆژی 31.7.2026 دا لە رێگەی کونکردنی سەقفی دوکانەکەوە چووەتە ژوورەوە و بڕێکی زۆر زێڕ و دەمانچەیەکی تایبەتی جۆری (HS)ی دزیوە.
کەسی تۆمەتبار بۆ ئەوەی پۆلیس چەواشە بکات، کراسە رەشەکەی بەری گۆڕیوە بۆ کراسێکی سپی، دوو کیلۆمەتر دوور لە شوێنی رووداوەکە تاکسییەکی گرتووە، دواتر داوای لە شۆفێرەکە کردووە لەسەر پردێک دایببەزێنێت تاوەکو لەکامێراکانی چاودێری دوور بکەوێتەوە، دواتریش لە پشتی ستوونی کارەباوە خۆی حەشارداوە و تاکسییەکی تری گرتووە، لە کاتژمێر 4:00 بۆ 6:00ی بەیانی لە ناوەندی شاردا بەردەوام ئۆتۆمبێلی گۆڕیوە تاوەکو سەرەداوی جووڵەکانی ون بکات.
پۆلیس دەڵێت، سەرەڕای ئەم هەموو گۆڕینە بەڵام مەفرەزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان بە هاوکاری بەشی تەکنەلۆژیا و زانیاری، لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە توانیان شوێنپێی تۆمەتبارەکە بۆ زیاتر لە 90 کیلۆمەتر هەڵبگرن و لە رێگەی بۆسەیەکی “پۆلیسی جل مەدەنی”یەوە لە ناوچەی (نەزران) دەستگیریان کرد.
لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، دەست بەسەر ئەو دەمانچەیە گیراوە کە لە زەڕینگرەکە دزیبووی و دەمانچە و تفەنگێکی کڵاشینکۆفی دیکەش و تەواوی ئەو کەرەستانەی کە بۆ شکاندنی سەقف و بڕینی دوکانەکە بەکاریهێنابوون، دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 442 لە یاسای سزادانی عێراقی رەوانەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.