سێ مانگ و هەفتەیەکی ماوە

سەرۆکایەتی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد

964+

فەهمی نەبی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد، بەگوێرەی ئەو وادەیەی دانراوە بڕیارە لە 10.6.2024 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ 3.3.2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد.

سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاندووە، “له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ مادده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى ڕۆژى 2024/6/10 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان”.

ئەوەش هاتووە، “به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م فه‌رمانه،‌ هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ ڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت”.

وێستگەکانی ململانێ لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن

رۆژی 23ـی کانونی یەکەمی 2019 وادەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم کۆتایی هات، بەمەش ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستبوو.

رۆژی 6.11.2022 ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات.

22.5.2023 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵیدا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەردەبرێت.

دواتر لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 25.2.2024ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد.

رۆژی 12.12.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خه‌رجكردنی زیاتر لە 70 ملیار دینار بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو لە هەرێم.

رۆژی 3.1.2024 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو رێکەوتەی کە دیاریکرا بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25.2.2024 ناتوانن لەو رێکەوتە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

رۆژی 16.1.2023 وەفدێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و باسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم کرد.

لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس بە لە دایکبووانی ساڵی 2006-ەوە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس، کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە.