دوێنێ شەو چی روویدا؟

کەرکوک لە شەوێکدا رەنگی گۆڕا و لوبنانیش چووە ناو ئاگربەستەوە

964+

ژێوار خدر

شەوی رابردوو زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسیی خێرا کەرکووکی گرتەوە و نەخشەی پۆستە باڵاکانی شارەکەی گۆڕی، هاوکات لەسەر ئاستی جیهانیش ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ترەمپ هیوای بۆ قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەدا خواست.

لە کەرکووک، رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگار دەستی کێشایەوە و رایگەیاند “شتێک هاتووەتە ئاراوە کە لە ئیرادەی من بەدەرە”، دەستبەجێ محەمەد سەمعان وەک پارێزگاری نوێ و رێبوار تەها وەک جێگری یەکەم دیاریکران، هاوکات ئاڤێستا شێخ محەمەد بووە قایمقامی ناوەندی کەرکووک و گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی تریشدا کرا، لە ڕووی ئەمنییەوە، ئاسایشی هەرێم رایگەیاند کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا پێنج هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئاگربەستێکی 10 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستیپێکرد و دۆناڵد ترەمپ بە “رۆژێکی مێژوویی” وەسفی کرد؛ ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران نزیکە، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر رێکنەکەون هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر گواستنەوەی نەوتی ئێران فراوانتر کرد و سەرۆکی کوباش وڵاتەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئەگەریی واشنتن. لە ناوخۆی ئەمریکاش، دیموکراتەکان بە پەیامی دژایەتیکردنی ترامپ توانییان کورسییەکی تری ئەنجومەنی نوێنەران لە نیوجێرزی ببەنەوە.

دوێنێ شەو چی روویدا؟

دوێنێ شەو چی روویدا؟