هەڵواسینی فلێکس و پۆستەر لە شەقامەکان قەدەغەیە و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر
شارەوانی هەولێر هۆشداری دەداتە قوتابخانە ئەهلییەکان
ژێوار خدر
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جارێکی دیکە هۆشداری توند دەداتە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان کە لە کاتی کردنەوەی خولەکانی هاوینەدا، سیمای پایتەخت بە هەڵواسینی فلێکس و ریکلامی سەر شەقامەکان نەشێوێنن و داوا دەکات بۆ ناساندنی خولەکانیان پەنا بۆ سۆشیاڵ میدیا ببەن کە لە ئێستادا خێراترین رێگەیە بۆ گەیاندنی زانیاری بە هاونیشتمانیان.
راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڵاویکردەوە، هاوشێوەی ساڵی رابردوو رێگری دەکەن لە هەڵواسینی هەر جۆرە تابلۆ و ریکلامێک لە شوێنە گشتییەکان، بەتایبەت لەناو سەنتەری شار، پردەکانی پەڕینەوە، وێستگەی پاسەکان، ستوونی شەقامەکان و بەردەم پارک و باخچەکان و دەڵێت، ئەم ریکلامانە دەبنە هۆی شێواندنی ژینگە و ناڕێکی سیمای شەقامەکان، بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی رێنماییەکان بن بۆ پاراستنی جوانی شار.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ناوەندێکی خوێندن پابەند نەبێت، تیمەکانی شارەوانی دەستبەجێ ریکلامەکان لادەبەن و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکرێت، لەبەر ئەوەی پەیامەکان لە رێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە زووتر دەگەنە هەموو چین و توێژەکان، پێویستە ناوەندە ئەهلییەکان ئەو رێگەیانە بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە تێکدانی ژینگەی بینراوی پایتەخت.