مۆر لەچەقۆکانی دەدات

چیرۆکی ئەو پیاوەی چەقۆی بردە زیندانەوە

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

ساڵح ئەحمەد، لە 70 کانی تەمەنیدایە و زیاتر لە 20 ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی چەقۆیە لە قەزای شارەزوور، پێشتر لای وەستایەک فێری دروستکردنی چەقۆ بووە لە هەڵەبجە، دواتر کڕین و فرۆشتنی بە چەقۆوە کردووە وەک دەستگێڕ.

ئەو پیشەوەرێکی کارامەیە، جگە لە چەقۆ، پاچ، تەورداس، قەمە، داس و تەورزێن و چەندین شتی تر لەدوکانەکەیدا دروست دەکات، بەهۆی پیشەکەیەوە زۆرجار خۆی خستووەتە نێو مەترسییەوە.

وەستا ساڵح، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا داوای لێکراوە چەقۆیەک دروستبکات و بۆ ناسراوێکی بباتە نێو زیندانەوە، لە ئەبوغرێب لە بەغدا، وەکخۆی دەیگێڕیتەوە، ساڵی 80کان، ناسراوێکی گیراوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، جوابی بۆ هاتووە، کە چەقۆیەکی بۆ درووستبکات و هەرچۆنێک بێت بەدەستی بگەیەنێت.

ئەو وتی، پاش دروستکردنی چەقۆکە لەگەڵ چەند، ناسراوێکم بەڕێکەوتم بۆ بەغدا و چەقۆکەم بەشتێک بەست لە گیانم، لە ژێر جلەکانەوە بردمە ژورەوە بۆی، کە ئەوکات بگیرامایە زیاتر لە 20 ساڵ حکوم دەدرام.

وەستا ساڵح بە 964ی وت، پێشتر شاخی ئاژەڵی بزن و کەڵی کێوی، بەران و چەند شاخێکی تری ئاژەڵان دەکرا بەدەسکی چەقۆکان و خواست لەسەر ئەوجۆرە دەسکە زۆر بوو، ئێستا بۆری ئاو بەکاردەهێنرێت وەک دەستکی چەقۆ، بۆ دەمی چەقۆکانیش ئاسن بەکاردەهێنرێت، بەپێی شێواز و باشی جۆری ئاسنەکە نرخی چەقۆکەش گرانترە.

پێداویستییەکانی کشتوکاڵی، وەک پاچ، داس، تەورداس، چەقۆی گیابڕ و چەندین جۆری تر لای وەستا ساڵح دەستدەکەون، نرخی چەقۆ و قەمەکان لە هەشت هەزارە بۆ 50 هەزار دینار لەلای ئەو دەستدەکەون، پێشتر لە زۆربەی شارەکانەوە موشتەری هەبووە، بەڵام وتی، قەیرانی دارایی و زیادبوونی ئامێرەکان، کاریگەری لەسەر کاڵاکانم کردووە و بەزەحمەت دەفرۆشرێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

چەقۆی سمێڵ بازاڕی گەرمە

چەقۆی سمێڵ بازاڕی گەرمە