مۆبایلە چینییەکان وەزعیان شڕە

پاشەکشەی گەورە لە بازاڕی مۆبایل؛ سامسۆنگ دەبێتەوە یەکەمی جیهان


وریا فەتاح

پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بازاڕی جیهانیی مۆبایلە زیرەکەکان قەیرانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و فرۆش بە رێژەی 14.3% پاشەکشە بکات. لەم دۆخەشدا، پێشبینی دەکرێت سامسۆنگ پێش ئەپڵ بکەوێتەوە و ببێتەوە بە یەکەمی جیهان. مۆبایلە چینییەکانیش وەزعیان باش نییە.

بەپێی نوێترین راپۆرتی دامەزراوەی (Counterpoint Research)، هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی پارچەی مۆبایلەکان و دابەزینی توانای کڕینی بەکاربەران، کە وا دەکات ئەم دۆخە سەختە تا ساڵی 2027 بەردەوام بێت.

گرنگترین ئامارەکانی راپۆرتەکە بەم شێوەیەن:

سامسۆنگ دەگەڕێتەوە لوتکە:
لە راپۆرتەکەدا هاتووە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026 کۆمپانیای سامسۆنگ پلەی یەکەمی جیهان بگرێتەوە، بە جۆرێک کە فرۆشی مۆبایلەکانی سەرەڕای خراپیی بازاڕەکە، بە رێژەی 0.8% زیاد دەکات. هۆکاری ئەمەش بۆ بەهێزیی کۆمپانیاکە لە دابینکردنی پارچەکان و هەبوونی مۆبایل بۆ هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە.

پاشەکشەی ئەپڵ و یەکەم ئایفۆنی چەماوە:
پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئەپڵ لەم ساڵەدا بە رێژەی 2.1% کەم بکات، بەڵام پێگە بەهێزەکەی خۆی دەپارێزێت. هەر بەپێی راپۆرتەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2026دا، کۆمپانیای ئەپڵ یەکەمین مۆبایلی چەماوەی خۆی (Foldable) بخاتە بازاڕەوە.

زەبرێکی قورس بۆ مۆبایلە چینییەکان:
بەهۆی گرانبوونی تێچووی دروستکردن و دابەزینی توانای کڕینی خەڵک بۆ مۆبایلە هەرزان و مامناوەندەکان، کۆمپانیا چینییەکان گەورەترین زیانمەند دەبن، پێشبینی دەکرێت فرۆشیان لە نێوان 15% بۆ 34% دابەزێت.

هواوی بەدەرە لە قەیرانەکە:
بەپێچەوانەی کۆمپانیا چینییەکانی دیکەوە، کۆمپانیای (هواوی) بە رێژەی 8% لە ساڵی 2026 و 4.3% لە ساڵی 2027 گەشە دەکات، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆری ناوخۆی چین و بەرەوپێشچوونی پرۆسێسەرەکانی جۆری (HiSilicon).