ناوچە شاخاوییەکان مەترسین
بەهۆی مەترسی خزان سێ رێگە لە سلێمانی بەربەست کراون
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی برفربارین و مەترسی خزان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی سێ رێگەی لە ناو شار داخستووە و دەڵێت، ئەو رێگانە بەتەواوی بەستوونی و بوون بە شەختە، سەلامەت نین بۆ بەکارهێنان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024، بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا و سەلامەتبوونیان بۆ بەکارهێنان، رێگەکان دەکرێنەوە، تا ئێستاش لەناو شاری سلێمانی تەنیا ئەو سێ رێگەیە مەترسیان لەسەرە بۆ بەکارهێنان.
ئەو رێگانەی کە بەربەست کراون ئەمانەن: رێگای بورجەکە بۆ سەرشارخ، رێگای دۆڵەمیران بۆ سەرشاخ، رێگای ناسراو بە ئەحمەد گرێدەر بەرەو دۆڵەمیران و شاخی گۆیژەو ئەزمەڕ.
“لە ئێستادا سەرجەم ئەو رێگایانەی لە ناوچە شاخاوییەکانن مەترسییان لەسەرە بۆ شۆفێریکردن و تا ئەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە مەکەن و بەربەستکردنی ئەو رێگایانەی کە مەترسی تیادایە”، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وا دەڵێت.
جگە لە سنوری شاری سلێمانی، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفرەی لە شەوی رابردووەوە رووی لە ناوچەکە کردوە، ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە لە سنووری قەزای قەرەداغ.