لە سەیدسادق

سێ کەس لەسەر فراوانکردنی زەوییەکانیان دەستگیر کران

ژووری هەواڵ

لە سنوری قەزای سەیدسادق، پۆلیسی دارستان سێ کەسیان دەستگیر کرد کە زیادەڕەییان کردووەتە سەر زەوی موڵکی گشتی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.2.2024، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە نزیک گردی حاجی عەبدوڵا سێ کەس بە نایاسایی سنووری زەوییەکانیان فراوانکردووە و تاوەکو نزیکی سەر شەقامی گوندی ناوگردان پەرژینیان لێداوە، لەسەر ئەوە دەستگیر کراون.

ئەو زەوییانەی کە زیادەڕەویان کراوەتە سەر کشتوکاڵین و ئۆتۆمبێلێکیش کە بەو سێ کەسە بووە دەستیبەسەردا گیراوە.

بە وتەی هێمن کەمەرخان، سەرەڕای دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە، رێکاری دیکەی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوەو رادەستی دادوەر کراوە.

بەگوێرەی ئامارێکی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی کە بە 964 دراوە، لەماوەی ساڵی رابردوودا 97 خانوو و بناغەی خانوو روخێنراون، ئەو ژمارەیە لە سنووری شارەوانیەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و سەنتەری شاری سلێمانی بوون.