دەربەندیخان، یان شارەزوور و عەربەت

بەهۆى نەبوونى زەویى لە قەرەداغ؛ فەرمانبەرانیان لە شوێنى تر زەویان پێدەدرێت

وریا فەتاح

بەهۆی نەبوونی زەویی پێویست لە سنوورەکەیان، بڕیاردرا فەرمانی وەرگرتنی زەویی فەرمانبەران و خانەنشینانی قەرەداغ بگواسترێتەوە و لە ناوچەکانی دیکە زەوییەکانیان پێبدرێت.

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى سلێمانى رایگەیاند،  ئەمڕۆ لیژنەی گواستنەوەی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، لەسەر داوای سەرۆکی شارەوانیی قەرەداغ سەردانی قەزاکەیان کرد. دوای کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی کێشەی نەبوونی زەوی، بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی زەوی فەرمانبەرانی سنوورەکە درا.

روونى کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی شارەوانیی قەرەداغ لە ئێستادا زەویی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردن، پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینانی قەزاکە دەگواسترێتەوە بۆ یەکێک لە شارەوانییەکانی (عەربەت، شارەزوور، یان دەربەندیخان).

دیاریکردنی شوێنی زەوییەکانیش لەو سێ ناوچەیە، لەسەر بنەمای بەردەستبوونی زەوی دەبێت لە سنووری کارگێڕیی ئەو شارەوانییانەدا.