هاتووچۆ قورس بووە

رێگای پێنج گوندی سنووری ناحیەی زەڕایەن تێکچووە پێویستی بەنۆژەنکردنەوە هەیە

بڕوا مەجید- شارەزوور

رێگای سەرەکیی نێوان شارەزوور و قەرەداغ، کە هاوکات رێگای چەندین گوندە، بەهۆی هاتوچۆی بارهەڵگرەکانەوە بە تەواوی تێکچووە و هاتوچۆی هاووڵاتییانی سەخت کردووە.

ئەو رێگایە کە گوندەکانی (زەلەڕەش، بەردەکەڕ، کانی هەمزە، سۆڵە و ناوتاق) بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەکەوێتە سەر رێگای زەڕایەن – دەربەندیخان، ئێستا بە جۆرێک تێکچووە کە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، پێشتر گەیشتن بە گوندی زەلەڕەش تەنیا سێ خولەکی پێویست بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپیی رێگاکەوە بە زیاتر لە 15 خولەکیش ناگەنە ناو گوندەکە.

تێکچوونی ئەم رێگایە دەگەڕێتەوە بۆ زستانی رابردوو، کاتێک بەهۆی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخانەوە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان خرایە سەر ئەم رێگایە (رێگای ناوتاق).

بە وتەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەستوورى قیرى رێگاکەیان 10 سانتیمەترە و بەرگەی ئەو بارهەڵگرانە ناگرێت کە پێویستیان بە رێگایەکە ئەستووریی قیرەکەی لە 20 سانتیمەتر زیاتر بێت.

لەسەر ئەم کێشەیە، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964 راگەیاند: “پرۆسەی چاککردنی رێگای زەلەڕەش و گوندەکانی تر دەبێت لە چوارچێوەی پڕۆژەدا بێت، چونکە شارەوانیی ناحیەکەمان توانای دارایی و ئیمکانیەتی چاککردنەوەی ئەو رێگایانەی نییە کە بەو شێوەیە هەڵوەشاونەتەوە.”

بەڕێوەبەری ناحیەکە رێگەچارەیەکیش دەخاتە روو و دەڵێت: “پێویستە موختار و دانیشتووانی گوندی زەلەڕەش و ئەو گوندانەی دەکەونە سەر رێگاکە، بە فەرمی داواکارییەک پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە داواکارییەکەیان ئاراستەی بەشی چاکسازیی رێگاوبانی سلێمانی بکەین، تاوەکو بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت و رێگاکە نۆژەن بکرێتەوە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح