مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارێزگای هەڵەبجە - وێنە: 964
دوو رۆژ دەمێننەوە
دوو پزیشکی ئێران بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی دێنە هەڵەبجە
ژووری هەواڵ
بڕیارە مانگی داهاتوو تیمێکی پزیشکی پسپۆڕی چەکی کیمیاوی بچنە هەڵەبجە، تەندروستی پارێزگاکە داوا لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی دەکات سەردانی نەخۆشخانەی کیمیاباران بکەن بۆ ئامادەکردنی دۆسیە و پێداویستییەکانیان.
تیمە پزیشکییەکەی ئێران لە دوو دکتۆر پێکدێن و هەر یەکێکیان ستافی تایبەتی خۆی لەگەڵدایە، لە رێکەوتی 3.3.2024 دێنە هەڵەبجە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بێبەرامبەر پشکنین و چارەسەر بۆ بەرکەوتووان ئەنجامدەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.2.2024، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، لە ماوەی ئەو دوو رۆژەی کە پزیشکەکان دەمێننەوە لە بەیانی تا ئێوارە دادەنیشن و دەتوانن پشکنین بۆ 300 نەخۆش ئەنجامبدەن و چارەسەریان پێبدەن.
یەکێک لە پزیشکەکان پسپۆڕی چاوە، ئەوەی دیکەیان پسپۆڕی هەناسەیە کە دەتوانن کێشەی تەندروستی سییەکان و چاو و گلێنە دیاریبکەن و چارەسەریان بۆ دیاریبکەن.
رۆژی 16.3.1988 فڕۆکەکانی حکومەتی ئەوسای عێراق، شاری هەڵەبجەیان بە چەند جۆرێکی گازی ژەهراوی بۆمبارانکرد، لەنێو ئەو گازانەی بەکارهاتوون گازی سارین و Mustard Gas کە زۆرترین کەس بەدەست پاشماوەکەنی ئەو گازە خنکان.
لە مانگی سێی ساڵی رابردوودا، رەزامەندی بۆ خەرجکردنی بڕی 262 ملیۆن دینار وەرگیرا، بە مەبەستی ناردنەدەرەوە و چارەسەرکردنی 64 کەس کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و بەهۆی سووتانی گلێنەیان بە گازی خەردەل، بیناییان لە مەترسیدابوو.