بودجەیان نەبووە

شارەوانی سلێمانی مافی ئەو کارمەندانەی دەوێ زەوی بۆ جیا کردوونەتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە سلێمانی، 23 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، بەڵام وەک لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دینارێکی خەرج نەکردووە بۆیان.

لە ئێستادا ناوی سەرجەم ئەو 23 هەزار فەرمانبەرە کە زەوییان بەرکەوتووە، rەوانەی بەڕێوبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کراوە و مامەڵەی بەشێک لەوانیش رەوانەی فەرمانگەی تاپۆ و تۆمارکردنی خانوووبەرە کراوە بە مەبەستی راپەڕاندنی کارە یاساییەکان بۆیان.

ئەمانە قسەی سەرۆکی شارەوانی بوون لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڵام لەیلا عومەر باسی لە هەوڵی تیمەکانیان کرد و وتی، لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە تیمەکانی سەرۆکایەی شارەوانی بە شێوازێکی جدی بەدواداچوونی مەیدانیان بۆ تەواوی ناوچەکانی دەرەوە و ناوەوەی سلێمانی کردووە بۆ دۆزینەوەی زەوی گونجاو.

وە وتی، سەرجەم ئەم کارانە بە بێ دابینکردنی هیچ بودجەیەکی تایبەت یان پێداویستیی دەرەکی کراون، تەنیا لە لایەن لیژنەکان و تیمە خۆبەخشەکانی ناوخۆی سەرۆکایەتیی شارەوانییەوە جێبەجێ کراون.

هەر بۆیە پێشتر، سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، بە مەبەستی خێراکردنی ئەو پرۆسەیە داواکارییەک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ زیادکردنی توانای مرۆی لەو فەرمانگە پەیوەندیدارانە.