قەڵادزێ
ئەو ئۆتۆمبێلەى بە درێفت خەڵکى بێزار دەکرد دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
پۆلیسی راپەڕین ئەو شۆفێرەی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم دادگاى قەڵادزێ نمایشی دەکرد و خەڵکی هەراسان دەکرد، دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن (نەژدە)ـەوە، شۆفێرێک دەستگیرکرا کە لەسەر شەقامی دادگاى قەڵادزێ هاوڵاتیانی هەراسان دەکرد و مەترسیی لەسەر ژیانی شۆفێرانی دیکەش دروست کردبوو.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە پۆلیس بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت شۆفێرەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار ئۆتۆمبێلەکەی دەخولێنێتەوە و “درێفت” دەکات.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە دەستگیرکردنی شۆفێرەکە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ رێکخراوە بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیس هۆشدارییەکی توند دەداتە شۆفێران و دەڵێت: “هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، هەر کەسێک ببێتە مایەی بێزارکردنی هاوڵاتیان، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.