ناتوانن نۆژەنی بکەنەوە
باران دیواری چەند گەڕەکێکی کۆنی هەولێری رووخاندوە
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
بەهۆی بارانبارینی رۆژانی رابردوو، دیوار و بنمیچی بەشێک لە خانووەکانی گەڕەکەکانی ( خانەقا ،تەعجیل، عارەبان) لە هەولێر داڕماوە و رووخاون.
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی یەکی هەولێر وێنەی ئەو خانووانەی بڵاوکردووەتەوە، کە بەهۆی بارانبارینەوە رووخاون.
لە گەڕەکی عارەبان دیواری خانوویەک و لە گەڕەکی تەعجیل خانوویەکی نزیک مزگەوتی موفتی و چەند دیوارێکیش باران رووخاندونی.
سەرهەنگ کاکل کورەچی 46 ساڵە، وەک بریکاری خۆراک دابەشکردن لە گەڕەکی تەعجیلی هەولێر دوکانی هەیە، بۆ 964 وتی، بەهۆی ئەوەی خانووەکان کۆنن و سەریان بە دار داپۆشراوە، هەرکاتێک بارانێکی زۆر ببارێت، رووخان لەو گەڕەکانە دووبارە دەبێتەوە و شارەوانیش رێگە نادات دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە خانووەکانیان نۆژەن بکەنەوە.
تریفە نەجات، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکی هەولێر بە 964ـی وت، تیمەکانیان سەردانی ناو ئەو گەڕەکانە دەکەن و ناتوانن خانووەکان نۆژەن بکەنەوە، تەنیا ئەرکی پاراستنی خانووەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانیان هەیە.
وتیشێ، نۆژەنکردنەوەکان پڕۆژەیەکی گەورەترە و لە سەرووی ئەوانەوە جێبەجێدەکرێت.
خانەقا، تەعجیل و عارەبان سێ گەڕەکی زۆر کۆنی هەولێرن و لەم ساڵانەی دواییشدا بەشێكی زۆری خانووەکانی چۆڵکراون و دانیشتووانەکەی قەرەبوو کراونەتەوە.
پلانی حكومهتی ههرێم ئهوهیه، له رێگهی لیژنهیهكهوه خانووی ئهو گهڕهكانه نۆژهن بكاتهوه و وهك شوێنی مێژوویی و كهلهپووری بیانهێڵێتهوه و بیانپارێزێت، بهڵام له دوای قهیرانی دارایی كارهكانی لیژنهكه سست بووه.
پێداچوونەوە: توانا نەقی