"بێزار و هەراسانیان كردووە"
حەمەگیان ماڵە خنجیلانەکەی جێهێشتووە و شەوان لەسەر شەقام دەمێنێتەوە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
حەمەگیان خۆشەویستی شارە حەیاتەکە دوو هەفتەیەکە ماڵە خنجیلانەکەی جێهێشتووە و چەند کەسێکی نزیکی دەڵێن، شەوان گەنجان هەراسان و بێزاری دەکەن، ئەویش لە ترسان رۆیشتووە و لەسەر شەقام دەمێنێتەوە.
فایەق حەمەساڵح کە هەمیشە ئاگای لە ژیانی حەمەگیانە و مشورخۆریەتی، بە 964ـی وت، “دوو هەفتە زیاترە کاکە حەمە نایەتەوە ناو خانووەکەی خۆی، رەنگە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە کەسانێک شەوان دێنە ئەم ناوە و گۆرانی دەڵێن و جەوی خۆیان دەگێڕن، ئەوەش بووەتەهۆی بێزارکردن و ترساندنی حەمە گیان”.
باسی لەوەشکرد، چەند جارێک قسەیان لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە لە ماڵەکەی دوور بکەونەوە و خەڵکێکی زۆریش لە خەمی حەمەگیاندان، تەنانەت بەشێک لە هاوڵاتیان شەوان دەیبەنەوە ماڵەوە و خزمەتی دەکەن.
بەقسەی فایەق حەمەساڵح و ئەو کەسانەی ئاگایان لە ژیانی حەمەگیانە، ئێستا شەوان حەمەگیان بەناچاری لەسەر شەقام و لاکۆڵاندا دەمێنێتەوە، بۆیە داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار و کەسانی خەمخۆر چارەیەکی بنەڕەتی بۆ ژیانی حەمەگیان بدۆزنەوە.
لەسەر ئەو پرسە 964 قسەی لەگەڵ لایەنی ئەمنیی شاری سلێمانی کرد و ئەوان دەڵێن، بۆ لەمەودوا شەوانە چاودێری ماڵەکەی حەمەگیان دەکەن بۆ ئەوەی کەس بێزار و هەراسانی نەکات.
حەمەگیان بەخشراوێکی خوێنشیرین و قسەخۆشی شار سلێمانییە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەتەنیا دەژی و خواپێداو و خێرخوازان یارمەتی دەدەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری