"حەز ئەکەین خەندەیان بۆ بگەڕێنینەوە"

کەمال محەمەد کۆنسێرت بۆ نەخۆشانی نانەکەلی ساز دەکات

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کەمال محەمەد هونەرمەندی دیاری کوردستان گەیشتە هەولێر و بڕیارە کۆنسێرت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی ساز بکات.

کۆنسێرتەکە مانگی داهاتوو دەبێ و هێشتا رۆژەکەی دیارنییە، کەمال محەمەد بە 964ـی وت، “حەز ئەکەین خەندە و خۆشەویستی بگەڕێنینەوە بۆ ناو ئەو نەخۆشخانانەی کە بێ ئەمەڵ بوون، ئیشاڵا قەت بێ ئەمەل نابن و بزانن کە کەسێک لە خەمیاندایە و خۆشەویستیانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەستی بەوە کردووە کە ئەو نەخۆشانە حەزیان بەوەیە هونەرمەندێک یان هەر کەسێک بچێتە ناویان، بۆیە بڕیاریداوە کۆنسێرتێکیان بۆ ساز بکات، نەخۆشەکان داوەتی کەمال محەمەدن، ئەوانەی دەتوانن، هەموویان بێ بەرامبەر دەچنە کۆنسێرتەکە و ئەو پارەیەی لە هاوڵاتیان و عاشقانی دەنگی هونەرمەندە بەسۆزەکەی کوردستانیش وەردەگیرێت، هەمووی بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەبێت.

کەمال محەمەد پێشتریش لە سلێمانی لەو جۆرە کۆنسێرتانەی ساز کردووە و دەڵێت، “بۆم بکرێ دەچمە هەموو شارەکانی کوردستان”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری