964 سۆراغی کرد

پردى دەربەندى رانیە درزی بردووە؟

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

سەرەڕاى ئەوەى تا ئێستا بە رووى هاتوچۆى شۆفێراندا نەکراوەتەوە و پردەکە تەواو نەبووە، بەڵام لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سنوورى ئیدارەى راپەڕین وابڵاوکرایەوە یەکێک لە پایەکانى پردە نوێکەى دەربەندى رانیە درزى بردووە،

964 سۆراغى بۆ بابەتەکە کرد و بە پێى قسەى ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی راپەڕین، بەهۆى پردە کۆنەکەوە وەک پێویست ناتوانرێت ئاوەکە بەسەر هەموو چاوەکاندا دابەش بکرێت، بۆیە ئاوێکى زۆر کۆبووەتەوە و چەند جارێک ویستوویانە بە حەفارە دیوارێکى بەردى وەک پشتێنە بۆ پردە نوێیەکە دروست بکەن، بەڵام لە کاتى ئیشکردندا دەمى حەفارەیەک بەر یەکێک لە پایەکان کەوتووە و شوختى لێ دروستکردووە.

بەرێوەبەرى رێگاوبانى راپەڕین دەڵێت: هیچ مەترسییەک لەسەر پردەکە نییە و ئەوەى هەیە تەنیا شوختێکى بچووکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەورە کراوە.

پردى نوێی دەربەندی رانیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە، کە سنووری ئیدارەی راپەڕین، قەزای پشدەر و بیتوێن بە بنگرد و بەرى مەرگە و قەزاى دوکانەوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی 420 مەتر و بەرزییەکەى 21 مەتر و پانیەکەشى 15 مەترە، بڕی زیاتر لە 12 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020ـەوە دەست بە کارەکانی پردەکە کراوە، بە وتەى سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە دەبوو لە مانگى 2023دا پردەکە تەواو ببوایە، بەڵام تا ئێستا وادەیەکى دیاریکراو بۆ کردنەوەکەى نییە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاخ

پردە نوێیەکەی دەربەندی رانیە بەرەو تەواو بوونە

پردە نوێیەکەی دەربەندی رانیە بەرەو تەواو بوونە