"کێ بە زاخۆ رازى نییە با بڕوات"

موچەى یاریزانانى زاخۆ کەمکرایەوە و سزاى قورس دەدرێن

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

15%ـى موچەى یاریزانانى زاخۆ کەمکرایەوە و سەرۆکیش پێ وتن،”کێ ناڕازییە دەرگاى یانەکەمان کراوەیە و دەتوانێت جێى بهێڵێت”.

بیرتان ماوە، ساڵى پار هاندەرانى زاخۆ وەک باشترین هاندەرى ساڵ هەڵبژێردران، ئەو هاندەرانەى هەموو یارییەک بە گڕوتینەوە هانى یاریزانەکانیان دەدەن، بەڵام یاریزانەکانى یانەکە، ماوەیەکە تووشى دۆخێکى خراپ بوون، یارى لە دواى یارى ئەنجامەکانیان خراپتر دەبێت و هاندەرانى زاخۆ بە دڵشکاوى دەگەڕێنەوە.

لە 10 گەڕى خولى ئەستێرەکانى عێراق کە 30 خاڵ لەخۆى دەگرێت، یانەى زاخۆ تەنیا لە دوو یارى سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، لە سێ یارى یەکسان بووە و پێنج یاریشى دۆڕاندووە و پلەى 13 گرتووە و تەنیا نۆ خاڵیان کۆکردووەتەوە.

ئەم ئەنجامە خراپانە، هەر هاندەران نا، کارگێڕى یانەکەشى توڕە کردووە، چیا ئەمین سەرۆکى یانەى زاخۆ بە 964ـى وت،”موچەى هەر یاریزانێکمان 15% کەمکردووەتەوە و ئەگەر ئەنجامەکان باش نەکەن سزاکە قورستریش دەبێت”.

سەرۆکى یانەى زاخۆ توندتر لەوەى چاوەڕێ دەکرا قسەى کرد و وتى،”هەر یاریزانێک بە زاخۆ رازی نییە با بڕوات، دەرگا کراوەیە و کەسمان بە زۆر نەهیشتووەتەوە”.

داواى لە هاندەرانى یانەکەش کرد دان بەخۆیاندابگرن و بەڵێنیدا لە مێرکاتۆى زستانەدا گۆڕانکارى بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح