هەوڵی رێککەوتن دەدەن

بەڵێندەرانی هەرێم ناتوانن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کار بکەن

964+

پێشەوا محەمەد

بەڵێندەرانی هەرێم دەیانەوێت بەو پێناسەی لە کوردستان هەیانە و پۆلێنکراون لە پارێزگاکانی عێراق کاربکەن، بەڵام بەغدا دان بەو پێناسەی بەڵێندەرانی هەرێمدا نانێت.

یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێم سەرقاڵی رێککەوتنێکە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق و یەکێتیی بەڵێندەرانی بەغدا تا لێکتێگەیشتنێک لەنێوانیاندا واژۆ بکەن.

رزگار جەمال، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و چاوەڕێن بگەنە لێکتێگەیشتن تا بەڵێندەرانی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کار بکەن، “وەک چۆن بەڵێندەرانی ئەوان دەتوانن بێ کێشە لە هەرێم کار بکەن”.

یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێم 10 پۆلێنی بۆ بەڵێندەران هەیە و پێناسەکانیش لەسەر ئەو پۆلێنانە کراون، لە بەغداش 11 پۆلێن هەیە.

“هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی لە پۆلێن و پێناسی بەڵێندەرانی هەرێمدا نییە، بەڵام بەغدا دەڵێت نابێت بەڵێندەران بەو پێناسە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کاریان پێ بدرێت و ئامادەش نین بە هەمان پۆلێنی یەکێتییەکەی ئێمە لای خۆیان پێناسیان بۆ دەربکەن”، رزگار جەمال وادەڵێت.

یەکێتی بەڵێندرەانی کوردستان سێ هەزار و 500 ئەندامی هەیە و پێناسی بەڵێندەرایەتییان بە پۆلێنی جیاواز هەیە.

تۆفیق کەریم، بەڵێندەرێکی شاری سلێمانییە و بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر بتوانن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کاربکەن دەتوانن کەمێک ئەو قورساییەی سەرشانیان سووک بکەن کە لە هەرێم لەسەریانە.

وتیشی، “لە هەرێم پارەی پڕۆژە کۆنەکانمان وەرنەگرتووە و پڕۆژە تازەکانیش بچووک و مامناوەندن، بۆیە ئەگەر ئەو دەرگایە بۆ ئێمە بکرێتەوە دەتوانین کاری باش بکەین و خۆمانی پێ هەستێنینەوە”.

بەڵێندەرانی سلێمانی: پارەکانمان لە بانکدا دەستیبەسەرد...

بەڵێندەرانی سلێمانی: پارەکانمان لە بانکدا دەستیبەسەردا گیراوە