دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
دۆناڵد ترەمپ:
“رەنگە بەمزووانە هێرش بکەینە سەر شاخی قوڵینگ لە ئێران و گورزی توندیان لێ دەدەین”
شۆڕش قادری
ترەمپ هەڕەشەی هێرش کردنەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەکات و دەڵێت، بەباشی ئاگاداری جموجۆڵەکانی ئەو وڵاتەن و دوور نییە گورزی بەهێزی لێ بدەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی وت، “رەنگە بەمزووانە لە شاخی قوڵینگ بدەین”.
شاخی قوڵینگ (کلنگ گزلا) لە پارێزگای ئەسفەهان و لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزە، دەوترێ ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی تیایدا حەشار داوە و ئەمریکاش چەند جارێک هەڕەشەی هێرش کردنەسەر ئەو شاخەی کردووە.
ترەمپ لەلایەک وتی، “ئاگاداری هەموو جموجۆڵەکانی ئێرانین و گورزی توندیان لێ دەدەین”، لەلایەکی دیکەشەوە وتی، “لەئێستادا لە شەڕدا نیین و گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین، کە هیچ مینێکیشی تێدا نییە”.
ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوەتەوە و ئەمشەویش مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، “دوژمنەکانمان دەیانهەوێ لەڕێی شەڕ و گەمارۆکان، ناکۆکی و پشێوی لەناوخۆی وڵاتەکەمان دروست بکەن، ئێمەیش بە یەکڕیزی و یەکپارچەیی هەموو پیلانەکانیان پوچەڵ دەکەینەوە”.