23 کارمەندن

کارەبای راپەڕین لە رێگەی کارمەندی دەرەکییەوە پارە کۆدەکاتەوە

پێشەوا محەمەد

کارەبای راپەڕین 23 کارمەندی بە کرێی رۆژانە گرتووە بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، راهێنانیان پێکراوە.

ئەو 23 کارمەندە مانگانە 15 رۆژ کاردەکەن و رۆژانە هەریەکێکیان 15 هەزار دیناری پێدەدرێت و چەند کارمەندێکی خۆشیان لەگەڵیان بەشدارن.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەسانە بڕوانامەی دبلۆم و بەرزتریان هەیە و دەورەیان پێکراوە و هەریەکێکیشیان کەفیلی لێوەرگیراوە و بەو شێوەیە کارەکەی پێدراوە.

وتیشی، “ئەوان بەردەوام دەبن لەگەڵمان و لەبەرئەوەی شارەزای کارەکەن ناگۆڕدرێن و مانگانە لە کۆڵانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پارە کۆدەکەنەوە”.

داهاتی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکە 14 ملیار دینار بووە، “بەڵام هاوبەشەکانمان 31 ملیار دینار قەرزدارمانن”.

سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە 105 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە.