ئاشەکان دەکەونە کار

دەست بە دابەشکردنی بەشە ئاردی چوارەمی ئەمساڵ دەکرێت

فەرهاد حەسەن

کۆمپانیای گشتیی دروستکردنی ئارد رایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانیان سەرژمێری و پشکنیینیان بۆ ئەو ئاشانە تەواوکردووە کە پشکی دیاریکراوی خۆیان لە ماددەی ئارد لە چوارچێوەی بەرنامەی فۆرمی خۆراکدا هاڕیوە و دابەشیان کردووە، هاوکات ئەو ئاشانە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی بەشە ئاردی چوارەم.

موحسین محەمەد ئەلنامس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دروستکردنی ئارد لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکانی سەرژمێری لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەددین، کەربەلا، دیوانییە و بەسرە کارەکانی خۆیان تەواوکردووە، سەرژمێریش بۆ ژمارەیەک ئاش لە پارێزگاکانی نەجەف، مۆسەنا و سلێمانی دەستپێکراوە و دەشڵێت “رێژەی دابینکردنی ئارد لەسەر ئاستی وڵات 95%ی تێپەڕاندووە”.

کۆمپانیاکە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی خۆی کردەوە لە بەدواداچوونی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و چاودێریی مەیدانی لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیردا، بە ئامانجی جێگیرکردنی دابینکردنی ماددەکانی فۆرمی خۆراک و بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک بۆ هاوڵاتییان.