دیمەنى یەکێک لە رووبەڕووبونەوەکانى نێوان قەتەڕو ئوردن
ئوردن یان قەتەڕ
کێ دەبێتە پاڵەوانى جامى ئاسیا؟
وریا فەتاح
ئێوارەى ئەمڕۆ، ناونیشانى پاڵەوانى جامى ئاسیا دیارى دەکرێت، ئەوەش دواى ئەوەى یاریى کۆتایى لە نێوان ئوردنى ئەسپى رەشى پاڵەوانیەتییەکە و قەتەڕى خانەخوێ، ئەنجام دەدرێت.
لە ژێر پلەى گەرماى 19 پلەى سیلیزى و لە کاتژمێر 6:00ى ئێوارە، یاریگەى لۆسێل ژووانى خۆى لەگەڵ عاشقانى تۆپى پێى ئاسیا ئەنجام دەدات و باوەشى بۆ یارىی کۆتایى جامى ئاسیاى 2023، لە نێوان قەتەڕ و ئوردن دەکاتەوە.
هەڵبژاردەى قەتەڕ کە پاڵەوانى جامى ئاسیاى رابردووە، دەیەوێت پارێزگارى لە دەستکەوتەى بکات و بۆ جارى دووەم لەسەریەک، جامەکە بگرێتە باوەش.
هەرچى هەڵبژاردەى ئوردنە، کە بە هەڵبژاردەى قۆناغى کۆمەڵەکان ناسراوە، بەڵام لە پاڵەوانیەتیى ئەمجارەدا ئەسپى رەشە و توانیویەتى بەسەر پشتى عێراق و کۆریادا بگاتە یاریى کۆتایى.
هەردوو هەڵبژاردە چاویان لەسەر جامەکەیە، قەتەڕ دەیەوێت جامەکە لە دەوحە نەچێتە دەرەوە و ئوردونییەکانیش دەیانەوێت خەونە مەحاڵەکەیان بکەن بە راستى، بۆیە یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە، ئەمڕۆ دەبێتە پاڵەوان و پێنج ملیۆن دۆلار و دونیایەک رێزلێنان و دڵخۆشى وەردەگرێت.
هەردوو هەڵبژاردە تائێستا 21 یاریی لە نێوانیان ئەنجامدراوە، قەتەر بە بردنەوەى 11 یارى پێشەنگە و ئوردن تەنیا 6 سەرکەوتنى تۆمارکردووە.