لە چوار بۆ حەوت ساڵان وەردەگرن
لە فێستیڤاڵی هەنار باخچە بۆ منداڵان ئامادە کراوە
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
کۆمەڵگەی پەروەردەیی لیدەرس ناحکومی، باخچەیەکی کاتییان لە شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا ئاگاداریی نزیکەی 150 منداڵ بن.
دایکان و باوکان، وە کەسەکانی دیکەیان دەچنە فێستیڤاڵی هەنار، بەڵام رەنگە منداڵەکان تاقەت و حەزێکی وایان نەبێ، یان بیانەوێ لە منداڵی خۆیان چێژ ببینن، بۆیە باخچەکە هەوڵی داوە، کەشێکی سروشتی و یاری جۆراوجۆریان بۆ ئامادە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.10.2026، فەیسەڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پەروەردەیی لیدەرسی ناحکومی لە هەڵەبجە بە 964ی وتی، منداڵی ئەو تەمەنە حەزەکانیان لەگەڵ هی دایک و باوکاندا فەرقی زۆرە، و رەنگە بێتاقەت ببێ لە قەرەباڵەغی ناو فێستیڤاڵەکە هەر بۆیە ئەم باخچە کاتییەمان ئامادە کردووە.
ئەو دەڵێ، رێوشوێنی پەروەردەیی و ئەمنی گیراوەتە بەر هەتا بە باشترین شێوە ئاگاداریی منداڵەکان بن و لەوێ فۆڕم بە کەسوکاریان پڕ دەکرێتەوە.
ئەوان پێیان وایە، منداڵی تەمەن چوار بۆ حەوت ساڵان، ئاسانترە بۆ ئاگا لێ بوون، و چالاکی جیاواز و جۆراوجۆریان ئامادەکردووە، کە تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی باخچەکەشن بتوانن چێژی لێوەربگرن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا