پڕۆژەی ئاوی قولە لە رانییە - وێنە: 964
داهاتی ساڵەکە 2 ملیار بووە
لە ساڵیکدا زیاتر لە دوو هەزار هاوبەشی نوێی ئاو لە راپەڕین تۆمارکراون
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی ساڵی 2023ـدا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی بوون بە هاوبەشی نوێی ئاو و پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە.
ئەمڕۆ هەینی 9.2.2024، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ساڵی رابردوو دوو هەزار و 236 هاوبەشی تازە تۆمارکراون و کۆی گشتی هاوبەشی ئاو لە سنوری ئیدارەی راپەڕین گەیشتووەتە 77 هەزار و 625.
ئەوەش لەکاتێکدایە، داهاتی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین زیاتر لە دوو ملیار دینار بووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئەو داهاتە هی 10 مانگە.
964 لە بەدواداچوونێکی پێشترییەوە دەزانێت، لە ماگەکانی 11 و 12ـدا سیستمی کۆکردنەوە و وەرگرتنی پارەی ئاو لە راپەڕین تووشی کێشەیەکی هونەری بووبوو، بەڵام کێشەکە چارەسەر کراوە و لە ساڵی نوێوەوە بەو سیستمە پارە کۆدەکرێتەوە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، هاوبەشانی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زیاتر لە 27 ملیار دینار قەرزدارن.
%60ـی ئاوی سنوورەکە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە دابین دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە رێگەی زیاتر لە 400 بیری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕینەوە دابین دەکرێت.