بە پایسکیل بچن و بێنەوە

هەولێر بە ڕێڕەوی پایسکیل ژینگەکەی پاکتر و دڵگیرتر دەکات

ئەحمەد مستەفا

بەهۆی پێکهاتە بازنەییەکەی شاری هەولێر، زەومینەیەکی گونجاو هەیە بۆ بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی کۆتا وردەکارییە تەکنیکییەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئەمە پڕۆژەی رێرەوی پایسکیلە و هەولێری پایتەخت دەیەوێ جێبەجێی بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی “دروستکردنی رێڕەو و رێکخستنی پایسکلسواری” لە سەنتەری شاری هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا کە راگەیەندراوی هەیە و 964 بینوویەتی، سەرۆکی شارەوانی و نوێنەرانی هاتووچۆ و ئەندازیارانی پلان دانان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر وتوویەتی،  پڕۆژەکە بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە وەک باس کراوە، خزمەتکردنی تەندروستی گشتی، پاراستنی ژینگە، کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانە، بەمەش هەولێر دەبێتە یەکەمین شاری عێراق کە وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاوڵاتییان بناسرێت.

پارێزگاری پایتەخت لەبارەی دیزاین و سوود وەرگرتن دەڵێ، بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە سوود لە ئەزموونی شاری پاریسی فەرەنسا و وڵاتی هۆڵەندا وەردەگیرێت و لە نەخشەی نوێی دابەشکردنی زەوییەکانیشدا شوێنی تایبەت بۆ پایسکل و پیادەڕۆ دیاری کراوە.

دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە