جەژن لە خانەی بەساڵاچووان؛”ئەمشەو نەوخەوتوون، بەس گریاوم”
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ بینین و بیستنی چیرۆکەکانیان خۆت پێڕاناگیرێت، ئەمەیە کە دەڵێن پیری و هەزار دەرد، دایە حاجییەک لە خانەی بەساڵاچووان، خاوەنی 5 منداڵە و کەسی لا نەماوە، باس لە بەرەبەیان و دەستپێکی جەژنەکەی دەکات و دەڵێت:”ئەمشەو زۆر نارەحەت بوو، نەخەوتووم و بەس گریاوم”.
هەر 5 منداڵەکەی لە دەرەوەی وڵاتن و ساڵی جارێک دێنەوە بۆ لای و بەڵام زووزوو پەیوەندی پێوە دەکەن.
لە درێژەی قسەکانی باس لەوە دەکات، نزیکەی 2 ساڵە لە خانەی بەساڵاچووانە و بیری منداڵەکانی دەکات و دەڵێت حەزم لە دەرەوەی وڵات نییە بۆیە ئێرەم پێخۆشترە.
ژنێکی خانەدانە و لە گەڕەکەی بەختیاری ژیانی کردووە و بیری ژیانی رابردووی دەکات و بە دەم گریانەوە دەڵێت حەز بەوە دەکات جارێکی دیکە لەگەڵ خێزانی کۆببێتەوە.
بە گەرم و گوڕییەوە دەلێت، کەس و کار سەردانم دەکەن و پێیان دەڵێم، هیچم بۆ مەهێنن،”بەس خۆتان ببینم هیچم ناوێت”.
پێداچوونەوە: شانیا بێستون