ساڵێک بەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە تێپەڕی
بۆچى نەتوانرا دۆلار بە 130 هەزار جێگیر بکرێت؟
964+
وریا فەتاح
ساڵێک بەسەر بڕیارەکەى حکومەتى عێراقدا تێدەپەڕێت بۆ دابەزاندنى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بۆچونێکیش هەیە بڕیارەکە نەک جێبەجێ ناکرێت، رۆژێک دێت دراوى عێراق دەبێت بە تۆزوبا.
رۆژى 7ى شوباتى 2023، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دواى کۆبونەوەى ئاسایى خۆى، بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، کە گۆڕانکارى بکرێت لە نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، بەشێوەیەک 100 دۆلار بکاتە 130 هەزار دینار.
ئەمڕۆ، یەک ساڵ و یەک رۆژ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەدەپەڕێت و ساڵێکى تەواویش بەسەر جێبەجێکردنى بڕیارەکە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا نەتوانراوە لەبازارڕ 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار جێگیر بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ 100 دۆلارى ئەمەریکى لەسەروى 152 هەزار دینارەوە مامەڵەى پێدەکرێت، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى لە ساڵى رابردوودا، بانکى ناوەندى عێراق و ئەنجومەنى وەزیران، چەندین بریار و رێنماییان بۆ دابەزاندنى بەهاى دۆلار بە رامبەر دینار دەرکردووە.
“بانکى ناوەندى بشفڕێت ناتوانێت دۆلار بۆ 130 هەزار دینار دابەزێنێت”
غازى جەعفەر، ئەنجومەنى بازاڕى دۆلارەکەى هەولێر قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: حکومەتى عێراق و ئەنجومەنى وەزیران ئەگەر بچنە عاسمانیش ناتوانن ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن و دۆلار لە 130 هەزار دینار جێگیر بکەن.
بانکى ناوەندى لە ساڵى رابردوودا، بۆ دابەزاندنى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى چەندین رێوشوێنی گرتەبەر، بەپێى یەکێک لە بڕیارەکان، دەبوو لە یەکەم رۆژى ساڵى 2024ـەوە، مامەڵەکردن بە دۆلارى ئەمەریکى لەسەر ئاستى ناوحۆ قەدەغە بکات، ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ سنوردارکردنى خراپ بەکارهێنانى مامەڵەکان بە دۆلار و خۆ دەربازکردن لە سزاکانى ئەمەریکا و رێگریکردن لە چوونە دەرەوەى دۆلارى ئەمەریکى بۆ دەرەوەى عێراق.
وەک ئەوەى ئەنجومەنى بازاڕى دۆلارەکەى هەولێر باسى لێوە دەکات، هۆکارەکان زۆرن کە تائێستا نەتوانراوە بەهاى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى لە 130 هەزار دیناردا جێگیر بکرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: با باسى 130 هەزار نەکەین، دەبێت مەمنون بین کە نەچووەتە 200 هەزار، چونکە ئەوە تەنیا عێراق نییە تووشى ئەو دۆخە بووە، تورکیا و سوریا و ئێران و لوبنان و میسر وێران بوون.
غازى جەعفەر، نمونەى چەند وڵاتێکى هێنایەوە، لەوانە تورکیا کە 100 دۆلار بە 200 لیرە بووە، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووە بە سەرووى سێ هەزار لیرە، یان لە میسر 100 دۆلار لە بانک سێ هەزار جونیەیە، بەڵام لە دەرەوە بە حەوت هەزار جونیەیە، ئەوە بۆ لوبنان و سوریا و ئێرانیش خراپترە.
ئەنجومەنى بازاڕى دۆلارەکەى هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، عێراق لەو وڵاتانە گەورەتر نییە، ئەوان هەموو وێران بوون و دەڵێت: رۆژێک دێت عێراقیش بە دەردى ئەو وڵاتانە دەچێت و هەموو سەروەت و سامانى دەبێت بە تۆزوبا.
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەران،بە 964ى وت،”نرخی یەک دۆلار وەک ئەوەى بڕیاری لێدراوە 1300 دینارە بە فەرمی، واتا نەگۆڕاوە، نرخی بازاڕی رەش راستە گرانترە بەڵام تا رادەیەک جێگیرە و نزمترە لە چاو چەند مانگی رابردوو، ئەوەش دۆخێکی ئاساییە لەچاو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و بەشێک لەو مامەڵانەی هێشتا لە دەرەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندی ئەنجامدەدرێت”.
“کاتێک دەتوانرێت بەهاى دۆلار بەرامبەر دینا بە 132 هەزار دینار جێگیر بکرێت، ئەگەر دەستى ئێران لە عێراق ببڕن، بەڵام کاتێک ئێران لە قوڵاى حکومەتى عێراقدایە و سەر ئێشە بۆ ئەمەریکا و بە قاچاخبردنى دۆلار دروست دەکات، دۆلار دانابەزێت و عێراقیش هاوشێوەى یەمەن و لوبنان و سوریا، دەبێتە قوربانى ئێران”، ئەنجومەنى بازاڕى دۆلارەىکەى هەولێر واى وت.