شەوی رووداوەکەی لالەزار چی بەسەر کەناڵی زووم هات؟
بەڕێوەبەری کەناڵەکە: زەرەری 2 ملیۆن دۆلارمان کردووە، کەلوپەلەکان بەپڕی رۆیشتن و بە خاڵی هاتنەوە
دیلان محەمەد -سلێمانی
ئێستاش دەرگاکەی کەناڵی زووم هێشتا بە شکاوی ماوەتەوەو کەلوپەلەکانی ناوی چەند پارچەیەکی شکاوی لەسەریەک هەڵچنراون، ئەمە ئەو کەناڵەیە کە شەوی رووداوەکەی لالەزار هێزە ئەمنییەکان چوونە سەری و کەلوپەلەکانیان برد.
دوای ساڵێک لە رووداوەکەی 22ی ئابی 2025 پەیامنێری 964 چوو سەری لە ئۆفیسی کەناڵەکەدا، هێمن مەحمود بەڕێوەبەری کەناڵی زووم هێشتا لەوە تێناگات بۆچی کەناڵەکەیان داخستووە، دەڵێ ”ئەگەر ئەو شەوە لەسەر رووماڵ کەناڵ دابخرایە، دەبوو هەموو کەناڵەکان دابخرێن زووم نەبێت، چونکە زۆر بەبێ لایەنانە مامەڵەمان کرد”.
کەناڵی زووم لاهور شێخ جەنگی خاوەندارێتی دەکرد، بۆیە هەر دوای دامرکانەوەی شەڕەکەی لالەزار، ئۆفیسی کەناڵەکە لە شاری سلێمانی داخراو کەلوپەلەکانیشی گواسترانەوە.
ئەوەی هێمن مەحمود مەزەندەی دەکات کەناڵەکە زەرەری دوو ملیۆن دۆلاری بەرکەوتووە، دەشڵێ ”ئەو کارمەندانەی ماونەتەوە یەک ساڵی تەواوە لە مانگی هەشتی پارەوە موچەیان وەرنەگرتووە”.
ئێستا بەڕێوبەری کەناڵەکە چاوی لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیانەکانەوە دەڵێ ” هەقی ئێمە لای کاک بافڵ و کاک قوبادە، پێش ئەوەی باسی ئازادی بکەن دەبێ ئاوڕێک لە کەناڵی زووم بدەنەوە”.