چاکسازی گەورانی هەولێر - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکان.
بۆ کردنەوەی سێ بەشی نوێ
چاکسازییەکانی هەرێم چاوەڕێی بوودجەن
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێم پێشنیاری کردنەوەی سێ بەشی نوێی لە چاکسازییەکاندا کردووە، بەڵام بۆ کردنەوەیان چاوەڕێی بوودجەیە بۆیان زیاد بکرێت.
بەشەکان ئەکادیمیای چاکسازی، هۆبەی دەروونی و سەنتەری دەروونیی مادەی هۆشبەرن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، داواکاری کردنەوەی ئەو بەشانەمان داوەتە بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و چاوەڕێی زیادکردنی بوودجەین بۆ کردنەوەی ئەو بەشە نوێیانە.
“ئەو بەش و هۆبانە راستەوخۆ هاوکاریمان دەکەن لە دروستکردنی هۆشیارییەکی فراوان و دووبارە ئاراستەکردنەوەی راگیراوان بەتایبەت ئەوانەی بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر گیراون و ئاڵودەی بەکارهێنانی بوون”، ئیحسان عەبدولڕەحمان وای وت.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی گەوران بوونیان هەیە و زیاتر لە حەوت هەزار زیندانییان تێدایە.
ساڵی رابردوو 105 خولی راهێنانی جۆراوجۆر بۆ بەندکراوەکان کراوەتەوە لەگەڵ 276 خول و سیمینار، “دەمانەوێت ئەو خول و سیمینارانە بۆ راگیراوەکان زیاتر بکرێن و باشتر کار لە لایەن دەروونییەکەیاندا بکرێت”.