رۆژانە دوو کاتژمێر رێگای بڕیوە بۆ خوێندن

99.07ـی هێناوە و یەک پرسیاری هەڵە بووە

ئەحمەد شەمزین-هەولێر

ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی خولی دووەمی قوتابیانی قۆناغی 12 بڵاوکرایەوە و چەندین خوێندکار لە شارەکانی کوردستان نمرەی بەرزیان بەدەستهێنا.

عامر عەبدولعەزیز یەکێکە لەو قوتابیانەی پۆلی 12 کە ئەمڕۆ ئەنجامی وەگرتوە و 99.07ـی هێناوە و لە وەڵامی 350 پرسیاردا تەنیا یەک پرسیاری هەڵە بووە.

عامر دانیشتوی گوندی کانی گەنی سەر بە کەسنەزانە و رۆژانە نزیکەی دوو کاتژمێر رێگای بڕیوە تا بگاتە شار بۆ خوێندنەکەی و نمرەیەکی بەرز بەدەستبهێنێت.

عامر عەبدولعەزیز بە 964ـی وت، هەرچەندە رۆژانە کاتێکی زۆرم لێ دەرۆشت بە رێگەوە، بەڵام خوێندکەم لا گرنگتر بوو، لای من تێگەیشتن لە بابەتەکان گرنگتر بوو نەک چەند کاتژمێر بخوێنم.

وتیشی، لە کۆی 350 پرسیار تەنیا یەک پرسیاری وانەی ئەحیام هەڵە بووە و ئەویش لێی دڵنیا نەبووم، دەشڵێت، چاوەڕێی نمرەی بەرزم دەکرد بەڵام زیاترم بۆ هاتەوە لەوەی چاوەڕێم دەکرد.

عومەر عەبدولعەزیز، برای عامر عەبدولعەزیز بە 964ـی وت، زۆر خەمی خوێندنی براکەمان بوو، هەموو شتێکمان بۆ دابین کردبوو، تەنیا دووری رێگەکەی مابوو، سوپاس بۆ خودا هاورێیەکی ئەوەی بۆ چارەسەر کردین.

وتیشی، عامر لە قوتابخانەیەکی حکومی خوێندوویەتی و هیچ مامۆستایەکی تایبەتی نەبووە و زۆر دڵخۆشی کردین بەم نمرە بەرزە.

پێداچوونەوە: شیرین ساڵح