کامێراکانی تیژڕەوی سلێمانی. وێنە :964
هاتوچۆی سلێمانی وادەڵێت
“ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش لە سزای کامێراکان دەرباز نابن”
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە ئاگادار دەکاتەوە کە بێسەرەتان، دەڵێت لە سزاکان نەبەخشراون و بۆ هەر بابەتێک سەردانی هاتوچۆ بکەن سزاکانیان بۆ هەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.2.2024، عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی – بەشی رۆژئاوا بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان هەر کاتێک بەهۆی بە خێرایی زیاتر لە رێگەپێدراو لە کامێراکانی هاتوچۆ بدەن تۆمار دەکرێن و “سزاکانیان دەچێتە بەشی ئۆتۆمبێلەکانی دەرەوەی هەرێم”.
هەر کاتێک شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ مامەڵەیەک بچنە هاتوچۆی سلێمانی سەرەتا ئەستۆپاکیان پێدەکرێت و ئەگەر سزایان لەسەر بێت دەبێت بیدەن ئینجا مامەڵەکانیان بۆ راییدەکرێت، عەقید بەهمەن ئەحمەد وای وت.
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتایانەی کە زیاتر لە ژمارەیەکیان پێوەدەکرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی وتی، “شۆفێر هەبووە زیاتر لە سێ ژمارەی بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکەی بەکارهێناوە، ئەمە وەک تاوانی ساختەکردن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێت بۆ دادگا”.
لە رێکەوتی 23.1.2024ـەوە 21 کامێراى تۆمارکردنى تیژڕۆیى لە ناوشاری سلێمانی کەوتوونەتە کار لەنێو 35 بۆکسی کامێرادا رۆژانە ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.