تەمەنی کەمترە لە24 کاتژمێرە
لەداقوق منداڵێکی تازە لەدایکبوو دۆزرایەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە گوندی “چەورکە”ـی سەر بە قەزای داقوق دۆزرایەوە و دوای دۆزینەوەیشی دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەزاکە گواستراوەتەوە و دۆخی تەندروستی باشەو لەژێر چاودێری پزیشکدایه.
سەمیر جاسم بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی داقوق بە 964ـی وت، منداڵەکە لە ئێستادا لەژێر چاودێری تەواوی تیمە پزیشکییەکانیاندایە و تا کاتێک کە لایەنی دادوەرەوە بڕیاری پێویست لەسەر دۆسیەکەی دەدات و چارەنووسی یەکلایی دەکرێتەوە، منداڵەکە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە.
وتیشی، تەمەنی منداڵەکە کەمترە لە 24 کاتژمێر و لە رەگەزی کوڕە و باری تەندروستی جێگیرە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی قەزای داقوق بە 964ـی راگەیاند، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەمان، هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستیپێکردووە.
راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانمان بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری منداڵەکە یان ئەو کەسانەی لە پشت ئەم ڕووداوەوەن بەردەوامە و لە ئێستادا هەموو بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر و دۆسیەکە ڕەوانەی بەردەم دادوەر بکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی