هێزە ئەمنییەکان و شوێنەوار قسەدەکەن
گەڵابە و شۆفڵ لەسەر قەڵای چەمچەماڵ چییان دەکرد؟
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
رۆژی 22.1.2024، دوو شۆفڵ و گەڵابەیەک لەسەر قەڵای شوێنەواری چەمچەماڵ بینران، لە پاش سۆراغکردنی، بۆ پەیامنێری 964 روونبویەوە، ئاسایشی قەزاکە بە ئاگاداری شوێنەواری سلێمانی دەیەوێت سیاجی بۆ دروستبکات.
شوێنەواری قەڵای سپی حەسار، لە قەزاکە قەڵای چەمچەماڵ-ی پێدەڵێن، مێژووەکەی بۆ هەزارەی پێنجەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەم قەڵایەوە چەمچەماڵ زیاتر لە 200 ناوچەی شوێنەواری تێدایە.
دەرکەوتنی شۆفڵ و گەڵابە لەسەر قەڵاکە دەنگدانەوەی دروستکرد، تا ئەو رادەیەی شوێنەواری سلێمانی تیمێکی ناردە ناوچەکە، بەوتەی سەرچاوەیەک بێت لە دەزگا ئەمنییەکان، “ئاسایشی چەمچەماڵ دەیەوێت پڕۆژەی سیاجکردنی قەڵاکە و چاککردنی رێگای چوون بگرێتە ئەستۆ، دژی ئەوەیە بەشێکی قەڵاکە کراوە بە گەڕاج و ئەمە بە تێکدانی سیماکەی دەبینێت”.
ئەوەی ساڵی رابردوو لە چەمچەماڵ روویداوە لەم هەواڵەیە
“گەڕاجی سەیارەکە لادەدەین، دواتر بەهاوکاری پۆلیسی چەمچەماڵ بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک قەڵاکە جێگیردەکرێ، چونکە لە ئێستادا ناوچەی شوێنەواری قەڵای چەمچەماڵ بێ پاسەوان و پۆلیسە و چەند هەوڵێکی تێکدان و گەڕانمان پوچەڵکردووەتەوە”، ئەوەش بە وتەی هەمان سەرچاوەی هێزە ئەمنییەکان.
ساڵی 2012، شوێنەواری سلێمانی، پەیمانگەی بەرلین و زانکۆی ڤییەنا بۆ ماوەیەک کاری کنەوپشکنینیان لە قەڵاکەدا کرد، نەوشیروان عەزیز لێپرسراوی بەشی پشکنین لە شوێنەواری سلێمانی بە 964ی وت، رۆژی چوارشەممە لیژنەیەکمان چوونەتە شارەوانی چەمچەماڵ، لەگەڵ ئاسایشی قەزاکە کۆبووینەتەوە، لە ئێستادا کارەکان راوەستاون، تاوەکو شێوازێکی گونجاوتر بدۆزینەوە بۆ سیاجکردن و پاراستنی قەڵاکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا